Mazın Asad
26 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2017
ئیستانبوڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ھۆکاری "پشتگیریکردنی ئیسرائیل و تیرۆریزم" سزای بەسەر ١٥ کۆمپانیای ئەمریکی سەپاند.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا بە تاک لایەنانە گەمارۆی خستووەتە سەر ھەندێک لە کۆمپانیا و کەسایەتیەکانی ئێران کە لەگەڵ یاساکانی نێودەوڵەتی ناگونجێت.
لە راگەیەندراوەکەدا روونیش کراوەتەوە کە بە ھۆکاری چالاکییەکانیان لە بواری ئاسایش، چەک و بیناسازی لە ئیسرائیل، ١٥ کۆمپانیای ئەمریکی لە بەرواری ٢١ی ئایاری ٢٠١٧ دەخرێنە نێو لیستی سزاکانی ئێران و راشگەیەندراوە کە پەیوەندی بازرگانی ئەو کۆمپانیایانە و بەرپرسانیان لەگەڵ ئێران قەدەغە دەکرێت.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ناوی ھەندێک لەو ١٥ کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەم شێوەیە دراوە: Bent Tal ،United Technologies Product ،ITT Corporation Raytheon Re/Max Real Estate ،Magnum Research Inch ،Oshkosh Corporation ،Kahr Arms وElbit System.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران، عەلائەدین بوروجەرجی لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند تاوتوێی دوو پێشنیار بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای ئەمریکا و سی ئای ئەی دەکەن.