Safvan Allahverdi,Zana Natık Kerem
09 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2019
واشنتۆن ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكات كە رژێمەی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی رووسیا بۆسەر خەڵكی مەدەنی لە شاری ئیدلب باكووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامی دەدات.
لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مۆرگان ئۆرتاگوس راگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكانی رژێمەكی بەشار ئەسەد بۆسەر خەڵكی مەدەنی لە ئیدلب بڵاكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا، مۆرگان ئۆرتاگوس گوتوویەتی: "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە رژێمەی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی رووسیا بۆسەر خەڵكی مەدەنی لە شاری ئیدلب باكووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامی ئەنجامیداوە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری مەدەنی كوژراون، ئەمە جگە لەوەی نەخۆشخانە دامەزراوە گرنگەكان لە ئیدلب و ناوچەكانی دیكەی باكووری رۆژئاوای سووریا زیانیان بەركەوتووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مۆرگان ئۆرتاگوس ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە ٤٨ كاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشەكانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بۆسەر شاری ئیدلب، ١٢ مەدەنی كوژراون و ٤٠ی دیكەش برینداربوون.
مۆرگان ئۆرتاگوس ئەوەشی گوتووە: "بە هۆی چەكە كوشندەكانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، هەزاران مەدەنی لە باكووری رۆژئاوای سووریا كوژراون كە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەن، بەدەر لەوەش لە راپۆرتەكانی ئەم دواییانە باس لەوە دەكرێت كە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی رووسیا، بەشیوەیەكی روون و بەرچاو خەڵكی مەدەنی لە ئیدلب كردووەتە ئامانج".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مۆرگان ئۆرتاگوس داواشی لە رژێمی بەشار ئەسەد و رووسیا كردووە كە بە پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رێگە چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕ و پێكدادان بدۆزنەوە و هێرشەكانیشیان بۆسەر ناوچە مەدەنی نشینەكان لە سووریا رابگرن.
مۆرگان ئۆرتاگوس جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەمریكا لەگەڵ ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوە سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كاردەكات كە راسپێرداوە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بكات بۆسەر ئەو نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشكانەی كە لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دان لە سووریا.
لە كۆتاییدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مۆرگان ئۆرتاگوس گوتوویەتی: "شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریا بە سەربازی چارەسەر ناكرێت، پێویستە بەپەلە هێرشەكان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە سووریا رابگیرێن ئەویش لە پێناو كۆتایی هێنان بە قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتە و، هەروەها سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە سووریا بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە (٢٢٥٤)".
ئەمەش لە كاتێكدایە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا و رژێمەكەی بەشار ئەسەد بۆسەر ناوچە مەدەنی نشینەكان لە ناوچەی كەمكردنەوەی گژییەكان لە ئیدلب، ٢٥ كەس كوژراون.