Betül Yürük
13 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2021
نیویۆرک - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە "بەربەرییە"ی سەر نەخۆشخانەیەکی شاری عەفرین لە سووریا، کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پەلامارە "بەربەرییە" بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی منداڵان و کارمەندانی تەندروستیی.
پرایس، لە راگەیەندراوەکەیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک ژێرخانی مەدەنی بە خەڵکی مەدەنی و نەخۆشخانەکانەوە بکرێنە ئامانج و دەڵێت، "بە توندترین شێوە سەرکۆنەى ھێرشەکەی دوێنێی سەر نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە شاری عەفرین لە سووریا دەکەین".
نێد پرایس، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ھێرشانە بەشێکن لەو توندوتیژییەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە باکووری رۆژئاوای سووریا رووی لە ھەڵکشان کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو توندوتیژییە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.
ھاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس، بانگەوازی راگەیاندنی ئاگربەستی لەسەرانسەری سووریا و داوای کەمکردنەوە توندوتیژی کرد.
راگەیەندراوەکەی نێد برایس، ھیچ ئاماژەیەکی بە لایەنی ئەنجامدەری ھێرشەکە نەکردووە.
لە ئاکامی پەلامارێکی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بۆسەر نەخۆشخانەیەک و ناوەندی شاری عەفرین لە باکووری سووریا، ١٤ کەسی گیانیانلەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بوو و ٣٢ کەسیش برینداربوون.