Çiğdem Münibe Alyanak
28 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2022
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرنجی بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئازەربایجان راکێشا و رایگەیاند "بەو ئیلھامەی لە مێژووی ھاوبەشمانەوە وەریدەگرین، دۆستایەتی و خۆشەویستی نێوانمان پتەوتر دەکەین، یەکڕیزی و ھاودەنگیمان زیاتریش دەچەسپێنین. ھەرچەندە پەیوەندییە دیپڵۆماتییەکانمان ٣٠ ساڵ لەمەوبەر دامەزرا، بەڵام یەکێتیی چارەنووسمان دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی مێژوو".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە میانی گوتارەکەیدا لە فێستڤاڵی TEKNOFEST ئازەربایجان کە لە باکو بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە دا کە زۆر خۆشحاڵە کە لەگەڵ ئامادەبووان بەشداریی لە رۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان دەکات.
ئەردۆغان وێڕای پیرۆزباییکردنی بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان وەک رۆڵەی میللەتێک کە زۆر باش دەزانێت سەربەخۆیی چۆن بەدەست ھێنرا و چەند بەنرخە، رایگەیاند "یادی قارەمانەکانمان دەکەمەوە کە بە شەھیدبوونیان سەربەخۆیی و ئاییندەیان بۆ وڵات فەراھەم کرد. داوا دەکەم کە خودای گەورە ئەوان بە بەھەشتی پان و بەرین شاد بکات و ئێمەیش لە رێگای پیرۆز و بەرەکەتی شەھیدەکانمان جیا نەکاتەوە".
سەرکۆماری تورکیا بە وەبیرھێنانەوەی ئەوەی کە دوو ھەفتە لەمەوبەر لەگەڵ (سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلھام) عەلیێڤ فڕۆکەخانەی ریزە-ئارتڤین-یان کردەوە، رایگەیاند کە ئەمڕۆ بەم بۆنە گرنگەوە جەختیان لە برایەتی و تەبایی کردووەتەوە.
ھەروەھا سەرکۆماری تورکیا گوتى: "وەک چۆن چاومان لە خاک و سەروەری کەس نییە، یەک بست خاکیشمان نییە و نابێت بیدەین بەو کەسانەی کە نیازی خراپەکارییان ھەیە".
ئەردۆغان سوپاسی گەلی شکۆمەنی ئازەربایجانی کرد بۆ ئەو میوانداریی و پێشوازییە گەرمەی لێیان کردوون، گوتیشی: "TEKNOFEST کە بەناوبانگترین فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیایە لە جیھاندا، لە باکوی ناسراو بە "مروارییەیکەی دەریای خەزەر"، بە دروشمی یەک نەتەوە، دوو وڵات، بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژە پڕشکۆیەدا، بەناوی خۆم و گەلەکەمەوە لە شاری لە باکوی جوانەوە سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ ھەموو ناوچەکانی ئازەربایجان دەنێرم، پەروەردگارم برایەتی ھەمیشەیی و ھەتاھەتاییمان بەردەوام بکات."