Ahmet Dursun
13 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی ئەوەی ئاشکرا کرد کە دەربارەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکان لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدان.
عەلی رەبیعی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تاران، باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بەندکراوانەی هاووڵاتی ئێرانین و لە ئەمریکا یان هەر وڵاتێكی دیکە بە فەرمانی ئەمریکا بەندکراون، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە ئێران بەند کراون، کرد و گوتی: "بە حکوومەتی پێشووی ئەمریکا-مان راگەیاندبوو کە ئێمە ئامادەین ئەم کارە ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوان دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆیان رەتکردەوە و سووربوون لەسەر بە بارمتە هێشتنەوەی ئێرانییەکان".
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دەربارەی ئەم بابەتە ئەرێنییە و گوتی: "دانوستانەکان دەربارەی ئەم پرسە بەردەوامن. ئەگەر دانوستانەکان بگەنە ئەنجام و بەندکراوە ئێرانییەکان ئازاد بکرێن، ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیاری دەربارەی ئەم بابەتە دەخرێتەڕوو".
لە ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی بەتۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان زیندانیکراون، پێشتریش لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوان ئەنجامدراوە کە دوایین جار لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا بوو کە ئێران سەربازێکی پێشووی ئەمریکا-ی لە بەرامبەر زانایەکی ئێرانی ئازاد کرد کە لە ئەمریکا زیندانی کرابوو.