Ramal Mahmood
09 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وزەی ئەتۆمی ئێران، بەهروزی کەمالوەندی ئاماژەی بەوە دا کە خۆیان ئامادەکردووە بۆ هەر پێشهاتێک لەئەگەری بردنەوەی پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ.
کەمالوەندی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی تەسنیم، ئاماژەی بە گوتەکانی ترەمپ کرد کە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا بوو رێککەوتننامە واژووکراوەکەیان لەگەڵ ئێران لەبارەی وزەی ئەتۆمییەوە هەڵدەوەشێنێتەوە و، ئەوەی خستەڕوو کە تاران لایەنگری ئەوەیە رێککەوتننامەکە بەردەوام بێت.
کەمالوەندی ئەوەی هێنایە بەرباس کە وڵاتەکەی لەبواری سەربازیدا خاوەن پلانی درێژخایەنە و گوتی: "ئێران خۆی بۆ هەر جۆرە پێشهاتێک ئامادەکردووە".
ترەمپ، لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن زوو زوو رەخنەی لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا دەگرت بەوەی کە لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١٥دا رێککەوتننامەی ئەتۆمیان لەگەڵ ئێران واژووکردووە. بانگەشەی ئەوەشی دەکرد کە لە دۆخی بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتننامەکە دەدڕێنێت و فڕێی دەدات. لەبەرامبەر ئەمەدا رێبەری ئایینی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی کە ماوە ماوە رەخنەی لە رێککەوتننامەکە دەگرت و ئاماژەی بەوە دەدا کە سوودی بۆ وڵاتەکەی نییە، گوتبووی "ئەگەر ئەوان رێککەوتننامەکە بدڕێنن ئێمەش ئاگربارانیان دەکەین".