جيهان

ئیسرائیل: "هێزە ئاسمانییەکانمان ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە بۆ ئەگەری هێرشی سەر ئێران"

Zein Khalil, Hamdi Yıldız  | 15.04.2024 - نوێکردنەوە : 17.04.2024
ئیسرائیل: "هێزە ئاسمانییەکانمان ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە بۆ ئەگەری هێرشی سەر ئێران"

Quds

قودس - AA

هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە بۆ ئەگەرى هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران.

لەو بارەیەوە، تەلەڤيزیۆنی فەڕمی ئیسرائیل KAN، بڵاویکردەوە ئیسرائیل پلانی هێرشێکی بۆ سەر ئێران داناوە کە دەرفەت بە ئیسرائیل دەدات کۆنترۆڵی بکات، بەشێوەیەک ئەو وڵاتە نەتوانێت بەرپەرچی بداتەوە و ناوچەکەش ڕاپێچی جەنگێکی گشتگیر ناکات.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە ناخوازرێت بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ ئێران غەززە ببێتە پلە دووی جێی سەرنج و، بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆچوونیان وایە لەبەرئەوەی ئەوە یەکەمجارە ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش ئەنجام دەدات، هێڵی سووری بەزاندووە و، پێویستە وەڵامی بدرێتەوە.

هەروەها لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامادەکاریی تەواوکردووە بۆ ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، بەڵام زانیاریی لەبارەی شێوازی هێرشەکە نەخراوەتەڕوو و، ئاماژە بەوەیش کراوە کە ئۆپەراسیۆنی کوشتن یان هێرشی ئەلیکترۆنی بەرفراوان بە دوور نازانرێت.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە لە هەواڵەکەدا بۆچوونی خراوەتەڕوو باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی بەڵێنی بە واشنتۆن داوە پێشتر ئەمریکا لە هەر هێرشێکی کە پلانی هەیە بۆ سەر ئێران ئاگادار بکاتەوە.

گرژی ئێران - ئیسرائیل

ئیسرائیل لە یەکی نیساندا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، لەو هێرشەدا حەوت کەس کە دووانیان جەنەراڵ بوون لە سوپای پاسداران کوژران.

ئێران هێرشەکەی بە هێرش کردنە سەر خاکی خۆی لە قەڵەمدا و، ئاماژەی بەوە کرد کە وەڵامی دەداتەوە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە.

ئێران لە ١٣ی نیساندا بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازە و مووشەکی کروز و بالستی دەستی بە هێرش کرد بۆ سەر ئیسرائیل و، چەند ئامانجێکی سەربازیی بۆردومان کرد.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەو هێرشەدا زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ولاتەکەیەوە خراونەتەخوارەوە، بەڵام بنکەیەکی سەربازیی باشووری وڵاتەکەی پێکراوە.

ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە حکوومەتی تەل ئەبیب بڕیاریداوە بە شێوەیەکی "ڕوون و کاریگەر" وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بداتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın