Enes Canlı
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2021
قودس-AA
لە دەریاچەی حولە لە باکووری ئیسرائیل، زیاتر لە پێنج ھەزار باڵندەی کۆچەری بەھۆی بڵاوبوونهوهی ئەنفلۆنزای باڵندهوه کە بە "گەورەترین کارەساتی ژیانی کێوی لە وڵاتەکە" ناسراوە، لەناو چوون.
لە دەریاچەی حولە، کە ھەموو ساڵێک نزیکەی ٥٠٠ ھەزار باڵندەی کۆچەری رووی تێدەکات، زەنگی مەترسیی ئەنفلۆنزای باڵنده لێدرا. بەھۆی پەتاکەوە زیاتر لە پێنج ھەزار باڵنده لە ناوچوون و زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار مریشکیش لەناوبران.
بەرپرسی فەرمانگەی پارک و سرووشتی ئیسرائیلی، ئوری ناڤیە، ئاماژەی بەوە کرد کە پەتاکە ھێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و "ژمارەیەکی زۆری باڵندەی مردارهوهبوو ھێشتا لە ناوەندی دەریاچەکەدان و لە ئاوەکە دەرنەکراون".
هاوكات وەزیری پاراستنی ژینگەی ئیسرائیل، تامار زاندبێرگ، سەبارەت بە قەیرانەکە گوتی: " گەورەترین کارەساتە کە زیانی بە ژیانی کێوی لە وڵاتەکەدا گەیاندبێت" و ئەوەی راگەیاند کە ھێشتا قەبارەی زیانەکان روون نەبووەتەوە.
گوتەبێژی دەریاچەی حولە، یاعۆن میخائیلی، ئاماژەی بەوە کرد کە لەبەر مەترسیی تەشەنەسەندنی پەتاکە بۆ ژیانی سرووشتیی بەھۆی زۆریی ژمارەی قوڵنگ لە ناوچەکە، بەردەوامن لە دەرکردنی باڵندە مردارهوهبووەکان.
میخائیلی، ئەوەشی راگەیاند کە لەسەر ئەگەری ئەوە وەستاون کە رەنگە قوڵنگەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ پەلەوەرەکانی کێڵگەکانی ناوچەکەدا ھەبووبێت و لەوێوە نەخۆشییەکەیان بۆ گواسترابێتەوە.