Ali Cura
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2021
مۆسکۆ-AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند، لە ساڵی ئایندەدا لە بێلاڕووس، مانۆڕێکی سەربازیی ھاوبەش لە نێوان رووسیا-بێلاڕووسدا ئەنجامدەدەن.
ڤلادیمیر پوتین لە میانی لێدوانێکیدا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری بێلارووس، ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ لە شاری سان پیترسبۆرگ، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ رێکخستنی ھەڵوێستەکان لە بواره سەرەکییەکانی پەیوەست بە دەوڵەتی یەکێتی رووسیا-بێلاڕووس.
پوتین پێشنیازی لوکاشێنکۆی سەبارەت بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازیی ھاوبەش لەگەڵ رووسیا لەسەر خاکی بێلاڕووس وەبیرھێنایەوە و گوتی: "لە سەرەتای ساڵدا ئەنجامی دەدەین. بەرپرسە سەربازییەکان رێکدەکەون. دەکرێت لە شوبات یان ئاداردا بێت. ئەوان بڕیار دەدەن".
- "بە ھەماھەنگی دەتوانین شتی زۆر ئەنجام بدەین"
لای خۆیەوە سەرکۆماری بێلاڕووس، ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ ئاشكرای كرد، ھەماھەنگییان لەگەڵ رووسیا لە بواری بەرگرییدا بەردەوامە و داوای ئەوەی کرد کە پێش ھەموو شتێک بە مەبەستی درێژهدان به کارکردن بۆ درووستکردنی ناوەندی راھێنانی سەربازەکان لەسەر ئەو چەکە نوێیانەی کە لە رووسیا کڕیویانە دەبێت ئەو مانۆڕە سەربازییە ھاوبەشانە رانەوەستێت.
ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە کۆمپانیا رووسییەکان بایەخیان بە کارگەکانی درووستکردنی فڕۆکە لە بێلاڕووس داوە و گوتی: "کارگەی درووستکردنی فڕۆکەی مەدەنی و سەربازیمان ھەیە. بە ھەماھەنگی دەتوانین شتی زۆر ئەنجام بدەین".