Yaser Arafat Mohamed Albanna,Hamdi Yıldız,Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2020
غەززە ــ AA
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک خاڵی بزووتنەوەی حەماسیان لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە بۆردومان کرد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک ھێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک خاڵ لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ژمارەیەک خاڵی بزووتنەوەی حەماسیان لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
باس لەوە کرا لەو ھێرشانەدا کە لە وەڵامی ئاراستەکردنی مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدراون، تونێلێک، کارگەیەکی بەرھەمھێنانی کەلوپەلی سەربازیی و کۆمەڵگایەکی مەشق و راھێنانی سەربە ھێزی دەریاوانیی حەماس لە کەرتی غەززە کراونەتە ئامانج.
درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل راگەیاندبوو کە مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک لە کەرتی غەززە بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئاراستەکردنی ئەو مووشەکە بۆسەر ئیسرائیل رانەگەیاندووە.