Ammar El Khalfi,Hamdi Yıldız,Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2020
ریاز ــ AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاند کە سعوودیە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا ھەیە.
لە پەراوێزی لووتکەی G20 کە سعوودیە میوانداریی دەکات، فەیسەڵ بن فەرحان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز باسی لەوەکرد، ھیچ داتایەک نییە کە ئاماژە بە بایکۆتکردنی بەرھەمەمانی تورکیا بکات.
گوتیشی:" سعوودیە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا ھەیە".
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان سەبارەت بە قەیرانی کەنداو ئاماژەی بەوەداوە کە سعوودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن بەردەوام لە ھەوڵدان بە ئامانجیکۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ قەتەر.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی ھەینی رابردوو شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدابوو.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردبوویەوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان و بن عەبدولعەزیز باسیان لە ھەماھەنگی ھەوڵەکان لە چوارچێوەی کارەکانی لووتکەی G20 کردبوو کە سعوودیە میوانداریی دەکات، ھەروەھا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە گفتوگۆیان کردبوو.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردبوویەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەلمان بن عەبدولعەزیز رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە کەناڵەکانی گفتوگۆ بە کراوەیی بهێڵنەوە بە ئامانجی گەشەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
لووتکەی G20 کە ئەمساڵ سعوودیە میوانداری دەکات، رۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢١ و ٢٢ی تشرینی دووەم بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
سعوودیە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکایەتی لووتکەی G20ی وەرگرت، دوای کۆتاییھاتنی ئەو لووتکەیەی کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو.