Mazın Asad . Sarmand Hameed
02 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2016
میرسین - AA
وەزیری گەشەپێدانی تورکیا، لوتفی ئەلڤان لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی کەشتییەکە رایگەیاند ناردنی پێداویستی مرۆیی بە کەشتییەک لە رۆژی قەدر بۆ گەلی فەلەستین و کەرتی غەززە یەکێکە لە نموونەکانی ھاوکاریکردن و ھەماھەنگیکردن.
ئەلڤان ئاماژەی بەوە دا کە لە کەشتییەکە ١١ ھەزار تۆن جلوبەرک و خۆراکی تێدایە کە لە بەندەری ئاشدۆد لە ئیسرائیلەوە بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێت و ھەروەھا گوتیشی: "ئەو پێداویستیانە رادەستی مانگی سووری تورکی (کزڵای) کراوە و بە ھەماھەنگی وەزارەتی دەرەوە دەگەیەندرێت. بەھۆی سەرپەرشتیکردنی کارەکە و بەڕێکەوتنی کەشتییەکە ستایشی ئافاد و مانگی سووری تورکی و وەزارەتی دەرەوە دەکەم".
پاشان وەزیری گەشەپێدانی تورکیا، لوتفی ئەلڤان، پارێزگاری میرسین ئۆزدەمیر چاکاجاک و باڵیۆزی فەڵەستین لە ئەنقەرە فەید مستەفا و ژمارەیەک ئەندامانی پرۆتۆکۆڵ ماڵئاواییان لە کەشتییەکە کرد.
١١ ھەزار تۆنەکە بریتییە لە ئارد، برنج، شەکر و خۆراکی قوتی و ١٠٠ ھەزار جلوبەرگ بۆ منداڵانی کەرتی غەززە، ٢٠ ھەزار پێڵاو و ١٠ ھەزار و ١٠٤ یاری منداڵان.
چاوەڕوان دەکرێت دوای ٣٠ سەعات لە بەرێكەوتنی، کەشتییەکە بگاتە بەندەری ئاشدۆد لە ئیسرائیل.