22 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
غەززە ــ AA
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تۆماركردنی دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی لە كەرتی غەززە، راگەیاند.
لەوبارەوە بریكاری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، یوسف ئەبو ریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دوو كەس كە لە 19ی ئەم مانگە لە پاكستان گەڕاونەتەوە، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.
یوسف ئەبو ریش ئاشكراشیكرد ئەو دوو كەسەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، كەرەنتین كراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەیدانی لە شاری رفح.
باسی لەوەیشكرد، ئەو كەسانەی راستەوخۆ لەگەڵ تووشبووەكاندا تێكەڵبوون، هەروەها كەسوكاریان كەرەنتین دەكرێن.
سەبارەت بە رێوشوێنەكانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یوسف ئەبو ریش گوتی: "سەرەتا لە مانگی شوباتی رابردوو بریارماندابوو تەنها ئەو كەسانە کە لەو وڵاتانەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان تیایدا بڵاوبووەتەوە دەگەڕێنەوە كەرەنتین بكرێن، بەڵام لە 15ی ئەم مانگەدا بڕیارماندا، ئەو كەسانەی كە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە و كەسوكاریان كەرەنتین بكرێن".
ناوبراو بە پێویست زانی كە لەئیستادا چێشتخانەکان، یانەکان، بازاڕەكان و هۆڵەكانی تایبەت بە ئاهەنگێڕان دابخرێن و نوێژی هەینیش تا كاتێكی نادیار هەڵپەسێردرێت.
ئەمە یەكەم حاڵەتی تووشبوونە بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ کە لە كەرتی غەززە تۆمار دەكرێت، بەوەیش كۆی ژماری تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە فەڵەستین بەرزبوویەوە بۆ 55 كەس كە تا ئێستا 17یان چاكبوونەتەوە.