Zana Natık Kerem
18 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2018
ئیستانبوڵ ــ AA
هاووڵاتییانی سووری لە خۆپیشاندانێكدا كە لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری ئیستانبوڵ لە توركیا سازیان كرد، هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر غوتەی رۆژهەڵاتییان ئیدانە كرد.
لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، خۆپیشاندەران كوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غوتەی رۆژهەڵات بە هۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن هێزەكانی سەربە رژێمی ئەسەدیان ئیدانە كرد.
خۆپیشاندەران دووپاتیان كردەوە كە لە ساڵی 2013وە تا ئێستا، 200 هێرش بە چەكی كیمیایی لە لایەن هێزەكانی رژێمەوە كراوەتە سەر غوتەی رۆژهەڵات، هەروەها پشتیوانییەكانی ئێران بۆ رژێمی سووریا، ئیدانە كرد.
غوتەی رۆژهەڵات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە، نزیكه‌ی ٤٠٠ هەزار كه‌سی تێدا ده‌ژی كه ماوه‌ی پێنج ساڵه گه‌مارۆدراون. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی بەپێی رێککەوتنەکانی ئاستانە غوته‌ی خۆرهه‌ڵات وەک "ناوچەی كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژی" راگەیەندرا، بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد کە رووسیا گهرهنتیكارێتی له مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە گەمارۆی سه‌ر ناوچه‌كه‌ی توندترکردووە و، له‌م چەند مانگەی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕترکردووەتەوە.
ناوچه‌كه كه تا دێت قه‌یرانی مرۆیی تیایدا قوڵتر ده‌بێته‌وه، هەزاران نەخۆش له ره‌وشی به‌په‌له‌دا لە چاوەڕوانی گواستنەوەدان، كه زۆربەیان منداڵ و تووشبووانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی ناوچه‌كه به‌هۆی برسێتی و نەبوونی دەرمانەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له 24ی شوباتدا به‌كۆی ده‌نگ بڕیاریدا به راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له سووریادا بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ له پێناو گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی به ناوچه‌كه. به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه تا ئێستا ئه‌و بڕیاری ئاگربه‌سته نه‌چووەته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.