Rewa Mahmut Hasan
02 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2016
ئیستانبوڵ - AA
دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان، یاریزانی سویدی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی واژۆ کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە یانەکە بڵاوی کردوەتەوە، ئاشکرای کردووە گرێبەستێکی یەک ساڵەی لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچدا واژۆ کردووە و بۆ هەر هەفتەیەک ٢٠٠ هەزار جونەی ئیستەرلینی دەداتێ.
لە لێدوانێکیشیدا کە لە سایتی یانەکە بڵاو کراوەتەوە، ئیبراهیمۆڤیچ خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو گرێبەستە نوێیەی لەگەڵ یانەکە واژۆی کردووە و راشیگەیاندووە کە بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی یاری پرایمەر لیگدایە تاکو یاری تێدا بکات.
ئیبراهیمۆڤیچ سەرەتا لە یانەی مالمۆی وڵاتەکەی تێکەڵ بە تۆپی پێ بووە و دواتر لە یانەکانی ئاژاکس، یۆڤانتس، ئینتەر، بەرشەلۆنە، میلان و دواجاریش لە پاریس سانت جێرمان یاری کردووە. وەرزی رابردوو لە کۆی ٥١ یاری، ٥٠ گۆڵی کردووە.