Rewa Mahmut Hasan
22 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند رایگەیاند "ئەو توندوتیژیەی کە بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەتایبەت چارەسەریی دوو دەوڵەتی".
ئۆلاند لە کۆشکی ئیلیزێیە پێشوازی کرد لە سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس.
کۆبوونەوەکە دوور لەچاوی کامێراکانەوە بەڕێوەچوو، دواتر راگەیەنراوێک بڵاو کرایەوە کە تیایدا بیروبۆچوونی ئۆلاند خرابوویە ڕوو لەبارەی توندوتیژیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەمەترسی بۆسەر هەوڵەکانی چارەسەریی کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینی دانابوو بەتایبەت چارەسەریی دوو دەوڵەتیی.
ئۆلاند جەختی کردۆتەوە لە چارەسەرێکی خێرای سیاسی بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. هاوکات راشیگەیاندووە کە فەڕەنسا هەوڵی تەواوی خۆی خستۆتە گەڕ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی.
ئۆلاند ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی ئاشتی سێی حوزەیرانی رابردوو کە لە پاریس بەڕێوەچوو لەسەر ئاستی وەزیران، هەوڵی بەردەوامیدان بەو داینەمیکە دەدرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەخرێتە قۆناغێک تا کۆنفرانسێک ببەسترێت لەوبارەیەوە.