Ekip
11 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2024
عەممان ــ AA
ئوردن و عێراق گرێبەستێکیان لە بواری بەستنەوەی کارەبا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژوو کرد.
گرێبەستەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کارەبای نیشتمانی ئوردن، ئەمجەد ڕەواشدە و بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی کارەبای ناوچەی ناوەڕاستی عێراق، ڕیاز عورەیبی لە عەممان واژوو کرا.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئوردن (Petra) لە ئەمجەد ڕەواشدەی گواستووەتەوە کە ڕێککەوتننامەکە لەچوارچێوەی پەرۆشی ھاوبەشی ئوردن و عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا واژوو کراوە کە دواتر گرێبەستەکە دەبێتە مایەی ئاڵوگۆڕی وزە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا.
ڕاشیگەیاندووە کە گرێبەستەکە، بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ بازاڕی وزەی ھاوبەشی عەرەبی لە داھاتوودا.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کارەبای نیشتمانی ئوردن، ئەمجەد ڕەواشدە ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرجەم ڕێوشوێنە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، تەواو کراون و گوتوویەتی: "لە کاتی تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، ئوردن ٤٠ میگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات".
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە لەئێستادا، دەستیان کردووە بە ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەدا کە چاوەڕان دەکرێت لە میانی ئەمساڵدا تەواو بکرێت و گوتوویەتی: "دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، ئوردن ١٥٠ بۆ ٢٠٠ میگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات و دواتر لەگەڵ پەرەپێدان بە پڕۆژەکە، ئوردن ٥٠٠ میگاوات کارەبا دەدات بە عێراق".