Muhammet Ali Kemal
05 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2016
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان- AA
بڕیاره ئەمڕۆ له‌دانیشتنێکی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا پرۆژه بڕیاری وه‌ستاندنی شه‌ڕ و پێکدادانه‌کان له‌حه‌له‌ب بۆ ماوه‌ی 7 رۆژ به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی پێداویستییه مرۆییه‌کان به شاره‌که، بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی هێرشه‌کانی رژێمی سووریا و بۆردومانه ئاسمانییه چڕوپڕه‌کانی رووسیاوه ژماره‌یه‌کی زۆر هاووڵاتیی سڤیل کوژران و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان حه‌له‌بی وه‌ک "شاری بێ خۆراک'' راگه‌یاند، هه‌ریه‌ک له‌ئیسپانیا، میسر و نیوزیلاند پرۆژه بڕیارێکیان ئاماده کرد و پێشکه‌شی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیان کرد.
به‌پێی روونکردنه‌وه‌یه‌ک که له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی نیوزیلاند لهنهتهیهوهیهکگرتووهکان بڵاوکراوه‌ته‌وه، پرۆژه بڕیاری وه‌ستاندنی پێکدادانه‌کان بۆ ماوه‌ی حه‌وت رۆژ، ئه‌مڕۆ له‌ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش کاتژمێر 22:00 به‌کاتی هه‌رێمی کوردستان ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه.
ئه‌وه‌ش زانراوه که له‌ره‌شنووسی سه‌ره‌تایی پرۆژه بڕیاره‌که‌دا ماوه‌ی وه‌ستاندنی شه‌ڕ و پێکدادانه‌کان وه‌ک 10 رۆژ دیارییکرابوو، به‌ڵام دواتر بۆ 7 رۆژ کەمکرایەوە.
چاره‌نووسی پرۆژه بڕیارەکە به‌نده به هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی سووریا و ئه‌ندامی خاوه‌ن مافی ڤیتۆی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش که رووسیایه. ئه‌و وڵاته له‌ساڵی 2011ه‌وه تا ئێستا 5 پرۆژه بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌باره‌ت به سووریا ڤیتۆ کردووه.
هاوکات ژمارەیەک وڵاتی دیکه‌ی ئه‌ندام لە نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌رابه‌رایه‌تی ئه‌مریکا و ئه‌ندامێتیی تورکیا، ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه به‌هۆی رووسیاوه کاره‌کانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به بنبه‌ست گه‌یشتووه و پێویسته کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که 193 ئه‌ندامی هه‌یه به په‌له سه‌باره‌ت به حه‌له‌ب کۆببێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بێت و پرۆژه بڕیاره‌که له‌لایه‌ن رووسیاوه ڤیتۆ بکرێت، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت کۆبوونه‌وه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گرنگییه‌کی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت.