ئەنبار ــ AA
هۆزی ئەلبونەمر یەكێك لەو هۆزانەی پارێزگای ئەنبارە كە لە زۆربەی شەڕەكانی ناوچەكانی ئەو پارێزگایە دژبە داعش شەڕی كردووە كە لە بەرامبەر شەڕەكاندا، داعش كۆمەڵكوژی بەرامبەر رۆڵەی ھۆزەكە ئەنجام دا كە ٣٠٠ كەسی لێیان گولـلەباران كرد و ئەوانەی مانەوە هەڵاتن و ئاوارە بوون.
بەسعاد خۆی بەبەختەوەر دەزانێت كاتێك توانیویەتی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی لە هاوینی ساڵی ٢٠١٣دا لەژێر دەستی داعش هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن بەتایبەتیش دوای ئەوەی بەدەیان كەس لە رۆڵەی هۆزەكەیان (ئەلبونمر) لەسەر دەستی رێكخراوی داعش رووبەڕووی تۆڵەكردنەوە بوونەوە و گولـلەباران كران لە بەرامبەر ئەوەی لە پاڵ هێزەكانی عێراق دژی رێكخراوەكە شەڕیان كردبوو.بەڵام دژواری و سەختی ژیانی بەسعادی تەمەن ٤٦ ساڵ و خێزانەكەی لەو كاتە دەست پێ دەكات كە ئاوارە و دەربەدەر دەبن و داوتر برسیەتی روویان تێ دەكات.
بەسعاد و شەش منداڵەكەی لەگەڵ ٨٥ خێزانی دیكە لە هۆزی ئەلبونمر لە كارخانەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلی لە ناوەڕاستی سیكرابی ئۆتۆمبێل لە گەڕەكی پیشەسازی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار، ژیان دەگوزەرێنن.
هەشت مانگ لەمەوبەر ئەو خێزانانە بەهۆی خراپی رەوشی مرۆیی، كەمپی ئاوارەكان لە ناوچەی ٦٠ كیلۆ رۆژئاوای رومادییان جێهێشتووە و روویان كردووەتە كارخانەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل لە رومادی.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەسعاد گوتی: "هاوسەرەكەی بەهۆی خەم و خەفتی زۆر بەوەی داعش بەسەر ئێمە و رۆڵەی مامەكانی لە هۆزی ئەلبونمردا هێنای لە كەمپی ئاوارەكان بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە گیانی لەدەست دا"
ئەو كارخانەیە كە بەسعاد و منداڵەكەی كردوویانەتە شوێنی حەوانەوەی خۆیان رووبەرەكەی تەنها ١٢ مەتر چوارگۆشەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاسەواری سووتان و شەڕەكانی نێوان هێزەكانی عێراق و داعش لە رومادی بەدیواری كارخانەكەوە ماوەن.
هێزەكانی عێراق لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا، شاری رومادی-یان كۆنتڕۆڵكردەوە و بەسعاد و ئاوارەكانی دیكە لە هۆزی ئەلبونمر، كارخانەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلیان لە شارەكە كردە شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوەی خۆیان بەرلەوەی خاوەنی كارخانەكان بگەڕێنەوە شارەكە.
لەو كاتەی ژیان گەڕاوەتەوە شارەكە، وردە وردە خاوەنی كارخانەكانیش گەڕانەونەتەوە سەر كارەكانیان و داوا لە بەسعاد و ئاوارەكانی دیكەی ئەلبونمر دەكەن كارخانەكانیان چۆڵ بكەن و بەتایبەتیش دوای ئەوەی دووبارە كاركردن گەڕاوەتەوە ناوچەی پیشەسازی لە رومادی.
بەسعاد گوتی: "لەم كارخانە سووتاوەدا نیشتەجێبووم كاتێك هیچ شوێنێك نەبوو پەنای بۆ بەرم و منداڵێكی تەمەن ١٢ ساڵانم هەیە كە لە ناوچەی پیشەسازی چا دەفرۆشێت و هەندێك جار خێرخوازان دەستی یارمەتی و هاوكاریمان بۆ درێژ دەكەن".
هاوكات تا ئێستا نە منداڵەكانی بەسعاد و نە هی ئاوارەكانی دیكە نەیان توانیوە بۆ خوێندن بچنە قوتابخانەكان لە رومادی لە كاتێكدا نزیكترین قوتابخانە پێنج كیلۆمەتر لە شوێنەكانی ئەوانەوە دوورە.
بەسعاد ئاماژە بەوە دەكات كە نەخۆی و نە ئاوارەكانی دیكە هیچ یارمەتێكی حكوومەتیان وەرنەگرتووە كە ئەوەش ئەوەندە ژیان و گوزەرانی ئەوانەی دژوار و سەختتر كردووە.
بەسعاد گوتیشی: "ماوەی چەند مانگێكە فۆرمی چاودێری كۆمەڵایەتیم پێشكەش كردووە بەڵام تا ئێستا هیچ یارمەتی و هاوكارییەك لەلایەن حكوومەتەوە بەمن پێشكەش نەكراوە و هەروەها هیچ داهاتێكم نییە جگە لەو پارەیە نەبێت كە منداڵە ١٢ ساڵەكەم بەفرۆشتنی چا دەیهێنێتە ماڵەوە كە داهاتی رۆژانەی ئەویش ٣ تا ٥ هەزار دینارە".
ناوبراو هەروەها گوتی: "ئەو پارەیە بەشی كڕینی شیری منداڵە بچووكەكەم ناکات".
لە كۆتایی قسەكانیدا بەسعاد بەدڵ سووتاوی و حەسرەتەوە گوتی: "هیچ كەسێك پرسیاری باری ژیان و گوزەرانی كەسانی هەژار ناكات لە عێراق تەنها كاتی هەڵبژاردنەكان نەبێت".
لە كاتی هێرشەكانی داعش بۆسەر ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار، چەكدارانی هۆزی ئەلبونمر رووبەڕووی هێرشی داعش بوونەوە كاتێك هێرشیانكردە سەر ناوچەكەیان لە قەزای هیت (٧٠ كیلۆمەتر رۆژئاوای رومادی ) بەڵام چەكدارانی هۆزەكە نەیان توانی بەرامبەر هێرشەكانی داعش زۆر خۆیان رابگربن لە بەرامبەر رووبەڕبوونەوەكەیاندا، داعش كۆمەڵكوژی بەرامبەریان ئەنجام دا كە ٣٠٠ كەسی لەو هۆزە گولـلەباران كرد و ئەوانەی مانەوە هەڵاتن و ئاوارە بوون.
سەرباری ئەوەی هێزەكانی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو ناوچەی ئەلبونمریان لە پارێزگای ئەنبار لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەرهێنا و كۆنتڕۆڵیان كردەوە بەڵام هێزەكانی ئەمنی رێگە نادەن بەگەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەلبونمر بۆ ناوچەكانیان بەبیانووی ئەوەی هێشتا ناوچەكەیان بەتەواوی لە مین و بۆمبەكانی داعش پاكنەكراونەتەوە.
ھاوكات ئەوەی ئێستا بیروهۆشی ئاوارە، نوری حوسێنی سەرقاڵ كردووە كە لە كارخانەیەكی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلی خۆی و خێزانەكەی تیایدا نیشتەجێن ئەوەیە دەیەوێت لە تاڵی ژیانی ئاوارەی و ئەو شوێنە رزگاری ببێت و دووبارە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.
لای خۆیەوە ئاوارە لە هۆزی ئەلبونمر، عەلی تەمەن ٦١ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناوچەكمان بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە و دەمانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەكانمان چونكە ئێستا رۆژانە خاوەنی كارخانەكانی پیشەسازیی دینە سەر كارخانەكانیان كە ئەوەش مافی خۆیانە".
عەلی گوتیشی: "تەنها داوا لە بەرپرسان دەكەین كە ناوچەكەمان بەڕووماندا بكەنەوە و كارتی ئەمنییان پێ بدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و لە كاتێكدا باش ئەوە دەزانیین كە جگە لە دیواری رووخاو هیچ بەسیمای خانوو و ماڵەكانمان نەماوە كە ئەوەش داواكارییەكی قورس نییە".
عەلی ئاماژە بەوە دەکات كە سەرباری ئەوەی كە لە كاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران قاچی لەدەست داوە و كەم ئەندام بووە، تا ئێستا هیچ یارمەتێكی حكوومەتی بەدەست نەگەیشتووە و ئەو لەگەڵ خێزانەكەی بەو یارمەتی و هاوكارییانەی كە لەلایەن خێرخوازانەوە پێشكەشیان دەكرێت، ژیان دەگوزەرێنن.
عەلی دووبارە بەپرسیاركردن گوتی: "نازانم بۆچی نامان گەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان كە ئێستا ناوچەكەمان لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوپا دایە".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە پارێزگای ئەنبار، محەمەد رەشید رایگەیاند كە هەوڵەكان خراوەنەتە گەڕ بۆ ئەوەی بەزووترین كات ئاوارەكانی ئەلبونمر بگەڕێندرێنەوە ناوچەكەیان.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو محەمەد رەشید گوتی: "ناوچەی ئەلبونمر لە ماوەكانی رابردوودا دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی پاككراوەتەوە و لە ئێستایشدا حكوومەتی خۆجێی و پارێزگار، سوهەیب راوی و ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەلبونمر بۆ زێد و شوێنی خۆیان".
محەمەد رەشید ئاماژەی بەوەش دا كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، یارمەتی مرۆیی و خۆراك بەسەر ئاوارەكانی ئەلبونمر دابەش دەكات هەر وەك چۆن لە ماوەكانی رابردوودا، سۆپا و فەرش و پێخەف و سووتەمەنی بەسەریاندا دابەش كردووە.
ناوچەی ئەلبونمر یەكێك لەناوچەكانی سەربە قەزای هیتە لە پارێزگای ئەنبار و لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا هێزەكانی عێراق و هۆزەكان كۆنتڕۆڵیان كردەوە كە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش كۆنتڕۆڵی كردبوو.
news_share_descriptionsubscription_contact

