Rewa Mahmut Hasan
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2017
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ناتۆ کێشەی زۆری هەیە و کۆن بووە چونکە ساڵانێکی زۆرە دامەزراوە، هاوکات ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن وەک پێویست بڕە پارەی دیاری کراو نادەن کە پێویستە لەسەریان و دەڵێت لەژێر فشاردابووم کە گوتم ناتۆ کۆن بووە، ئەو کۆن بووە لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە لەبەرامبەر تیرۆردا هیچ شتێک بکات.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی بیلد-ی ئەڵمانی ترەمپ پرسیاری ئەوەی لێکراوە کە لە ئەورووپای رۆژهەڵات تێدەگەیت کە لە پوتین و رووسیا دەترسن؟ ترەمپ دەڵێت:
بێگومان دەزانم، تێدەگەم کە چی روو دەدات. زۆر دەمێکە لەوە دەگەم، ناتۆ کێشەی هەیە، چونکە یەکەم ناتۆ کۆن بووە، ساڵانێکی زۆرە دامەزراوە. دووەمینیشیان وڵاتان وەک پێویست برە پارەی دیاری کراو نادەن. لەژێر فشاردابووم کە گوتم ناتۆ کۆن بووە، ئەو کۆن بووە لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە لەبەرامبەر تیرۆردا هیچ شتێک بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای هەموو ئەو شتانە ناتۆ بۆخۆی گرنگی هەیە.
ترەمپ رەخنەی توندی گرت لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و بەخراپترین بڕیاری دانا لە مێژووی ئەمریکادا و گوتی: "ئەمە وەک تێژەنین وابوو لە شانەی هەنگ. ئێستا ناوچەکە ئاڵۆزترین دۆخ بەخۆیەوە دەبینێت".
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئەو ئێستا باس لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش ناکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو وەک ئۆباما و ئەوانەی تر نابێت، هەروەک روونیشی کردەوە کە ئاشکرای ناکات لەبارەی رێککەوتنی ئێرانەوە چی دەکات و گوتی: "من نامەوێت کارتەکەی خۆم نیشان بدەن. من نایەم و بڵێم ئەمە دەکەم و ئاوا دەکەم. ئەوەی پێویست بێت دەیکەم".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کۆمپانیایانەی لە دەرەوە دروست دەکرێن بۆ ناو ئەمریکا دەبێت باج بدەن و گوتی: "دەتوانن ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا دروست بکەن، بەڵام دەبێت بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک کە دەهێنرێتە ئەمریکا لەسەدا ٣٥ باج بدەن".