Zana Natık Kerem
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
سەنعا – AA
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە یەمەن بە هۆی پەتای كۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە، هەزار و ١٤٦ كەس.
لە راپۆرتێكدا، كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، لەو كاتەی كە لە ٢٧ی مانگی نیسانی رابردوو، پەتای كۆلێرا لە شارەكانی یەمەن بڵاوبووەتەوە تاوەكو ئێستا ١٦٦ هەزار و ٩٧٨ حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراون و لەو ژمارەیەش، هەزار و ١٤٦ یان گیانیان لەدەست داوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستووەتە روو كە لە كۆی ٢٢ پارێزگا لە ٢٠ پارێزگای یەمەن ئەو حاڵەتانەی پەتای كۆلێرا تۆمار كراون كە زۆرترینان لە پارێزگای حجە باكووری رۆژئاوای یەمەن بوون بەوەی ١٩٥ حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە تۆمار كراون.
لە ١٨ی ئەم مانگە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندبوو كە تاوەكو ئێستا، هەزارو ١٠٠ كەس بە پەتایە كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە و ١٥٩ هەزاری دیكەش تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراوە.
پێشتر رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور رایگەیاندبوو كە خراپی دۆخی ژینگە، نەبوونی ئاوی پاك و كەموكوڕیی لە خزمەتگوازری تەندروستی، ھۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆلێرایە لە یەمەن.