Sarmand Hameed
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2021
بەغدا - AA
وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تەمیمی بڵاوبوونەوەی جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لە وڵاتەکەی راگەیاند و جەختی لە تۆمارکردنی تووشبوون بە کۆرۆنا گۆڕاوەکەی لەنێو منداڵ و گەنجاندا کردەوە.
حەسەن تەمیمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەغدا ئەنجامیدا رایگەیاند، "زیاتر لە سەدا ٥٠ی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا، تووشبوونە بە جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
حەسەن تەمیمی روونیکردەوە، تووشبوون لەنێو منداڵ و گەنجاندا تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیداری گەورەیە بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکان و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر دامەزراوە تەندروستییەکان دروست دەکات".
بۆ یەکەمجارە عێراق تۆمارکردنی جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو منداڵ و گەنجاندا رابگەیەنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە میانی یەک ساڵدا کەسانی بەتەمەن بوون.
وەزیری تەندروستیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکانی تەندروستیی و بڕیارەکانی دەرچوو لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە بن.
رۆژی شەممەی رابردوو، حکوومەتی عێراق وەک رێککارێک بۆ رێگەگرتن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو هەفتە شەوانە قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ بکرێت، هاوکات بڕیاریدا بە داخستنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان لەنێویاندا مزگەوت و سەنتەرەکانی جوانکاری و ناوەندەکانی بارزگانی لەگەڵ راگرتنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان.
ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو و بەرزبوونەوەی لەناکاوی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هات.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق گەیشتووەتە ٦٥٧ هەزار و ٥٤٢ کەس کە ١٣ هەزار و ٢٢٠یان گیانیان لەدەستداوە و ٦١٢ هەزار و ٧٢٧یان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.