وەزیری تەندروستی تورکیا: "لە پلانماندایە دوای وەرگرتنی چارەسەری لە میسر، نەخۆشەکانی غەززە بگوازینەوە تورکیا"
وەزیری تەندروستی تورکیا، فەخرەدین کۆجا: "لە پلانماندایە نەخۆش و بریندارانی غەززە دوای گواستنەوەیان بۆ میسر و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە، دواتر بۆ تورکیایان بگوازینەوە".
Ankara
قاهیرە - AA
وەزیری تەندروستی تورکیا، فەخرەددین کۆجا ڕایگەیاند، بڕیارە سەرەتا تووشبووانی شێرپەنجە و بە تایبەت منداڵان لە غەززەوە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شێخ زوێد و عەریش لە میسر، لە قۆناغی دووەمیشدا ئەو نەخۆشانەی کە لە دۆخی تەندروستی گونجاوتر دان، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بگوازرێنەوە بۆ تورکیا.
کۆجا دوای سەردانیکردنی ئەو بریندارانەی لە غەززەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی نەسر گواسترابوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی وەزیری تەندروستی میسر خالید عەبدولغەفار قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
فەخرەدین کۆجا جەختی لەوە کردەوە کە هەر لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، هەم وەک خۆی و هەم وەک تیمەکانیان لە دیالۆگ و ڕاوێژێکی نزیکدان و گوتیشی: "لەگەڵ خۆی (وەزیری تەندروستی میسر) بە ڕێگەی تەلەفۆن و ڤیدیۆکۆنفرانسەوە پەیوەندیمان هەبووە. دوایین جار شەوی ڕابردوو نزیک بە یەک کاتژمێر بە ڤیدیۆکۆنفرانس قسەمان کردووە. نزیک بە یەک مانگە کە تیمەکانمان بە یەکەوە کار دەکەن و کەمێک بەر لە ئێستا ئەو نەخۆشخانانەمان بەسەر کردەوە کە نەخۆشەکانی غەززەی تێدا بوو. دواتر چووینە نەخۆشخانەی عەریش و نەخۆشەکانی ئەوێشمان بەسەر کردەوە. بەردەوام دەبین لە دیدارەکانمان".
کۆجا ڕاشیگەیاند، لە هەواڵدان سەرەتا منداڵ و تووشبووانی شێرپەنجە لە دەروازەی رەفحەوە لە غەززەوە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شێخ زوێد و عەریش لە میسر. لە پلانماندایە ئەو نەخۆشانە لە لایەن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیمان کە لە تورکیاوە دێن بە هاوکاری لەگەڵ لایەنی میسری چاودێری و دەرمان بکرێن و دواتر لە قۆناغی دووەمیشدا ئەو نەخۆشانەی لە دۆخی تەندروستی گونجاوتر دان، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بگوازرێنەوە بۆ تورکیا.
وەزیری تەندروستی تورکیا ئاشکراشی کرد کە بۆ گواستنەوەی برینداران لە غەززەوە، لەگەڵ لایەنی میسری و ئیسرائیلی لە پەیوەندییەکی دیپلۆماسیدان.
