Heman Hussein Yaseen
21 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووی وەزیری تەندروستیی، سامان بەرزنجی لەسەرە و ئاراستەی ھەموو بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیەی کردووە داوا دەکات بەوردی چاودێری ھەر گەشتیارێک بکەن کە لە بەریتانیاوە دێتە ھەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ھاتووە "بۆ ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆھەر ئەگەرێکی سەرھەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ کە ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا راگەیەندراوە، پێتان رادەگەیەنین کەوا پێویستە بەوردی چاودێری ھەموو ئەو گەشتیار و کەسانە بکەن کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیاوە دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان لەڕێگای فرۆکەخانەکان یان دەروازە سنوورییەکان و کاری پێویست ئەنجام بدەن بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان لەکاتی ئێستادا و بۆ پشکنین و پەیوەندیکردن پێوەیان".
ئاماژەی بەوەشداوە "دواتر لە رێکاری نوێ و پێشوەچوونەکان ئاگادارتان دەکەینەوە".
بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ لە بەریتانیا کە بە کۆرۆنای نوێیەکە ناوی دەبەن چەندین وڵات رێوشوێنی خێرای بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە نوێیە گرتە بەر و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایش گەشتە ئاسمانی و زەمینییەکانیشیان لەگەڵ بەریتانیا راگرت، ھەرێمی کوردستانیش بەم بڕیارە ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە دەستپێدەکات.
- لە تورکیاش رێکاری پێویست گیرایە بەر
بەھۆی ئەم نەوە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێوە کە لە بەریتانیا سەری ھەڵداوە و خێرایی گواستنەوەی لە نەوەی یەکەمی کۆرۆنا زیاترە، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵ بەریتانیا، دانمارک، ھۆڵەندا و کۆماری باشووری ئەفریقا راگرت.
دوای بڕیارەکەیش وەزیری تەندروستیی تورکیا، فەخرەددین کۆجا رایگەیاند "لە میانی گرتنەبەری رێوشوێنەکان ئەوانەی لە بەریتانیاوە بەڕێگەوەن بێنەوە تورکیا پشکنینیان بۆ دەکرێت و کەرەنتینە دەکرێن. تەواوی رێوشوێنەکان بە ھەماھەنگی دەگیرێنە بەر".
دوای لێدوانەکەی فەخرەددین کۆجا، فڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانیی تورک کە ١٢٥ گەشتیار و کارمەندی تیمی فڕۆکەوانی تیادابوو و لە لەندەن-ەوە گەڕابووەوە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ نیشتەوە. لە میانی گرتنەبەری رێوشوێنەکاندا لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە ژمارەی خانوو و ژمارەی مۆبایل لە گەشتیاران وەرگیرا و پشکنینی PCRیان بۆ کرا.
بڕیار درا تەواوی ئەم گەشتیارانە لە ماڵەوە کەرەنتینە بکرێن و لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانیشەوە بخرێنە ژێر چاودێرییەوە.