Sarmand Hameed
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ھەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٦٨ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە لە ساڵی ٢٠٢١دا.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID - 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٦٨ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٦٤٨ کەس، ٣٦٥ لە هەولێر، ٣٣١ لە سلێمانی و ٢٤ کەس لە گەرمیان بووە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٩٧ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٤٣٢ کەس، ٢٢٧ لە سلێمانی، ١٠٢ لە هەولێر،٢٩ لە گەرمیان، پێنج لە هەڵەبجە و دوو کەس لە راپەڕین بووە.
ھەروەھا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە یەک لە هەولێر، یەک لە سلێمانی، یەک لە دهۆک و کەسیش لە گەرمیان بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا، دوو ملیۆن و ٢٢٤ ھەزار و ٨٧٤ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ١٩٦ ھەزار و ٧٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار ھەزار و ٥٤٤ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٨١ ھەزار و ٤٧٢ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ١٠ هەزار و ٥٧ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.