Abdullah Abdulmanaf Shukur
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
ھەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٦١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٥٦٢ کەس چاکبوونەتەوە، حەوت کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID - 19ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٦١ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٣٣٨ کەس، ٢٣٣ لە سلێمانی ، ١٤٩ لە هەولێر و ٤١ کەس لە گەرمیان.
ھەروەھا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، حەوت کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە چوار لە هەولێر ، یەک لە سلێمانی، یەک لە دهۆک و یەک کەسیش لە گەرمیان بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا، دوو ملیۆن و ٩٩٠ھەزار و ٨٧ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ١٨٤ ھەزار و ٣٤١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار ھەزار و ٤٦٥ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٧٢ ھەزار و ٥٦٩ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.