تەندروستی

نەمانی ئۆکسجین لە سلێمانی قوربانی دەخاتەوە

دوای ئەوەی کە لە رۆژانی رابردوودا چەند توشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستدا، لەسەر سکاڵای کەسوکاری یەکێک لە قوربانیان، دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە لە نەخۆشخانەکە ئەو شەوە ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.

Rewa Mahmood Hasan  | 12.06.2020 - نوێکردنەوە : 14.06.2020
نەمانی ئۆکسجین لە سلێمانی قوربانی دەخاتەوە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA - رەوا ‌حاجی

دوای ئەوەی کە لە رۆژانی رابردوودا چەند توشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستدا، لەسەر سکاڵای کەسوکاری یەکێک لەوانەی گیانی لەدەست داوە، دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە لە نەخۆشخانەکە ئەو شەوە ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەگەر چی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە کێشەیەک لە کارگەی دروستکردنی ئۆکسیجنی سلێمانی هەبێت و کارگەکە پەراوێز خرابێت، بەڵام بەڕێوەبەری کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی تەندروستی رادەگەیەنێت کە ئەوان لە ٢٠١٢ەوە بەنووسراوی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردۆتەوە کە بەشەکەیان لە هەندێک ئامێردا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و لەئێستادا لەکار کەوتوون.

بۆ بەدواداچوون بۆ راستی و دروستی ئەم پرسە ئاژانسی ئانادۆڵو بەدواداچوونێکی کرد.


''دایکم بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانیلەدەست دا''

نەبەز حەمە ڕەش کە لە رۆژانی پێشوودا دایکی بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی تاهیر عەلی والی بەگ گیانی لەدەست دا، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی وەک کارمەندێکی پزیشکی بەدیار دایکییەوە بووە لە نەخۆشخانە بە لەبەرچاو گرتنی رێنماییەکان و لەبەر کردنی جلوبەرگی پێویست.

نەبەز باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی لە نیوەشەودا ئامێری ئۆکسجینی دەستکردەکان بڕی پێویستیان تێدا نەماوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکەیان ئاگادار کردۆتەوە و ئەوانیش وەک بڕی پێویست ئۆکسجینیان بەدەست نەگەیشتووە.

نەبەز پێی وایە کە هۆکاری گیانلەدەستدانی دایکی نەمانی ئۆکسجین بووە. جگە لەوە کەسێکی تریش لەهەمان نەخۆشخانە لەو شەوەدا بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانی لەدەست دا.

- کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی تەندروستی لە سلێمانی بەهۆی تێکچوونی ئامێرەکانیانەوە وەک پێویست کار ناکات

لەدرێژەی بەدواداچوونەکەدا دەرکەوت کە لە سلێمانیدا تەنیا یەک کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی تەندروستی هەیە و ئەویش تەنیا توانای دروستکردنی ئۆکسجینی بۆ ٥٠-٦٠ بتڵی هەیە لە رۆژێکدا.

لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی تەندروستی شۆرش بەهجەت کابان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە ٢٠١٢ەوە بەنووسراوی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردۆتەوە کە بەشەکەیان لە هەندێک ئامێردا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و لەئێستادا لەکار کەوتوون، کە ئەمەش وای کردووە تەنیا لەسەدا ٢٤ی کارگەکە کار بکات. بەڵام تائێستاش لە هەولێرەوە، وەزارەتی تەندروستی هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە.

شۆڕش بەهجەت کابان دەڵێت، ''ئێمە تەنیا پێویستمان بە ٢٦ ملیۆن دینارە بۆ بەگەڕخستنەوەی تەواوی کارگەکە، کە تەنیا کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی تەندروستییە. چونکە کارگەی تر هەیە بۆ دروستکردنی ئۆکسجین لە شێوەی شلگازدا. ئەوانیش کارگەی کەرتی تایبەتن و گازی ئۆکسجینی پیشەسازین نەک تەندروستی. بۆ هەر دانەیەک لەو بتڵە گازانە ١٠-١٥ هەزار دینار وەردەگیرێت. کە ئەگەر بێت و سەرجەم ئەو بتڵە گازانەی لەم ماوەیەدا پێوست بوون بۆ نەخۆشخانەکان و لەرێگەی ئەو کۆمپانیا تایبەتانەی ئۆکسجینەوە بەدەست خراون، ئەوا زۆر لەو بڕە ٢٦ ملیۆن دینارە زیاترە کە پێویستە بۆ چاککردنەوەی کارگەکەمان".

بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کۆی ئەم بابەتانە رەت دەکاتەوە و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە "دوای بەدواچوونمان و پەیوەندیکردنمان بە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڕێزیان رایگەیاند کە تەنها پارچەی یەدەگی (پستۆن)ی پێویستە و لە وڵاتی ئەمەریکا دەهێنرێت و ئۆردەرو دەرخستەی بۆ کراوە، کێشەکە کێشەی دابینکردنی خەرجی و پارەی (بیست و شەش ملیۆن) نیە بەڵکو تەنها کێشەی کاتە".

کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی تەندروستی لەنزیک نەخۆشخانەی شۆڕش تەنیا بە ٧ کارمەند بەڕێوەدەچێت و بێخزمەتگوزارییەکی زۆری پێوە دیارە.

ئەوەی کە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەدواداچوونەکەیدا تێبینی کرد ئەوەیە کە کارمەندانی ئەو کارگەیە شەونخوونی دەکەن لەئێستادا بۆ دەستخستنی بڕی پێویست لە بتڵی ئۆکسجینی تەندروست، بەڵام ئەو کارگەیە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێخستنی پێوە دیارە کە بەقسەی کارمەندانی بێت پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەیە و مەترسییەکی زۆریشان لەسەرە کە رووبەڕووی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بن چونکە زۆربەی بتڵی گازی ئۆکسجینی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنایان بۆ دەچێتەوە تاکو پڕی بکەنەوە.


- '' نەک تەنیا بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە بەڵکو بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵەو دەرمانی پێویستیشەوە خەڵک گیانلەدەست دەدات''

لەبەرامبەر هەموو کەموکورتیەکاندا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د. سەباح هەورامی ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بێت و رێژەی توشبووان بەو شێوە بەرچاوەی ئێستا زیاد بکات ئەوا نەک تەنیا بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە بەڵکو بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵەی پێویست، نەبوونی دەرمانی پێویستەوە خەڵک گیانلەدەست دەدات.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بڵاوی کردۆتەوە ، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د. سەباح هەورامی دەڵێت، ''من هاووڵاتیان ئاگادار دەکەمەوە کە بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە، نەبوونی قەرەوێڵەی پێویستەوە، بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویستەوە خەڵک کۆچی دوایی دەکات، ئەگەر بێت و خەڵک خۆی نەپارێزێت و رێژەکە زیاد بکات، ئەوا هەموو ئەوانە دەبنە هۆکاری مردن.''

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات توانای ئەوان توانایەکی دیاری کراوە، ئەوان وەک تەندروستی کەموکورتیان هەبووە، بەڵام کەمتەر خەمییان نەبووەو دەڵێت، ''وەک ئاشکرایە نەخۆشخانەیەک توانای وەرگرتنی ٥ نەخۆشی هەیە بۆ چاودێری ورد، ئێستا ناچارم ٣٠ نەخۆشی تێبکەم بۆ چاودێری ورد، کە بەبەردەوامی ئۆکسجین بەکاردەهێنم، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە سیستەمەکەدا، ئەو نەخۆشانەی کە مردوون بارودۆخی تەندروستی خۆیان ناجێگیر بووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەرمانە لە داهاتووشدا کەموکورتیمان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر هەیە خەڵک بەشێوەیەکی خێراتر گیان لەدەست بدات".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın