Ozhin Jola
04 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ ھەینی وەزیری تەندروستیی عێراق, حەسەن تەمیمی نەخۆشخانەی شیفای ١٤ی لەکەرکووک و بنکەیەکی تەندورستیش لەناحیەی تازە کردەوە کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
وەزیری تەندروستیی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوبەری تەندروستی شارەکە، نەخۆشخانەی ١٥٠ قەروێڵەیی شیفای ١٤ی تایبەت بە کۆرۆنای کردەوە .
دواتر لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تەمیمی رایگەیاند "ئەمڕۆ سەردانی شاری کەرکووکمان کردووە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی تەندروستی شارەکە و بۆ ئەمەش سەردانی چەند نەخۆشخانەیەک و پرۆژەیەکی تەندروستیمان کرد لەوانە نەخۆشخانەی منداڵان و لە دایکبوون و ھەروەھا نەخۆشخانەی بوژانەوەی دڵ کە لە بواری جێبەجێ کردن دایە".
دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا، وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "تاکو ئێستا ڤاکسینەکە نەگەیشتووەتە عێراق ئەویش چەند ھەنگاوێکی لۆجستی ماوە و ھەرکاتێک بگاتە دەست وەزارەت ئەوە بەبێ جیاوازی بەسەر سەرجەم شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

دەربارەی کێشە تەندروستییەکانی نێو نەخۆشخانەکانی عێراق، حەسەن تەمیمی گوتی: "نزیکەی ٥١ نەخۆشخانە لەسەرتاسەری عێراق کێشەی تێدایە و ئێستا گەیشتووین بەرێککەوتن و سەرقاڵی پلانێکین بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەندروستییەکان".
لای خۆشیەوە پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، راکان سەعید باسی لە گرنگی دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا لە کەرکووک کرد و ئەمەشی بە سەرکەوتنی کەرتی تەندروستیی کەرکووک و ھاوکارییەکانی وەزارەت و پێکھاتەکانی کەرکووک لە قەلەمدا.
راکان سەعید رایگەیاند: "ئەو نەخۆشخانانەی لە کەرکووک دان بەگوێرەی دانیشتوانی شارەکە نییە و بۆیە پێویستیمان بە پشتگیری و ھاوکاری وەزارەتی تەندروستییە بۆ ئەوەی نەخۆشخانە و پرۆژەی تەندروستیی زیاتر لە کەرکووک دروستبکرێن و ھاوکاریی پێشکەش بە کارمەندانی تەندروستیی بکرێت".
لەبارەی پرۆژە تەندروستییەکان, نوێنەری عەتەبەی حوسەینییە لەکەرکووک، موحسین بەتات رایگەیاند کە ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر بوودجەی عەتەبەی حوسەینییە دروستکراوە و بڕیاریشە ١٠ نەخۆشخانەی دیکەی تایبەت بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی موسڵ و رومادی و چەند شوێنێکی دیکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بکرێنەوە".
موحسین بەتات گوتیشی: "نەخۆشخانەی شیفا ١٤ لە ١٥٠ قەروێڵە پێکدێت و تایبەتە بە کۆرۆنا و لەسەر ڕووبەری سێ هەزار و ٥٠٠ مەتر چوار گۆشە دروستکراوە، بڕی تێچووی نەخۆشخانەکەش نزیکەی نیو ملیار دینار دەبێـت".
