تەندروستی

لە سلێمانی مزگەوتەکان بەڕووی نوێژی هەینیدا داناخرێن

دوای ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری پێویست گیرانە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات لە پارێزگای سلێمانیش بڕیار درا بە داخستنی مەلەوانگەو هۆڵەکانی لەشجوانی بۆ ماوەیەکی کاتی.

Rewa Mahmood Hasan  | 27.02.2020 - نوێکردنەوە : 28.02.2020
لە سلێمانی مزگەوتەکان بەڕووی نوێژی هەینیدا داناخرێن

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

دوای ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری پێویست گیرانە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات چەندین بۆنەی کۆمەڵایەتی سنووردار کران، لە پارێزگای سلێمانیش بڕیار درا بە داخستنی مەلەوانگەو هۆڵەکانی لەشجوانی بۆ ماوەیەکی کاتی، سەبارەت بە نوێژی هەینی کە موسڵمانان بەرێژەیەکی بەرفراوان بۆ ئەنجامدانی روو لە مزگەوتەکان دەکەن، رێکاری تەندروستی دەگیرێتە بەر.

لە ئێستادا بڕیار و رێکاری پێویست بۆ وەستاندنی وتاری نوێژی هەینی دەرنەچووە، ئەویش بەهۆی هەستیاری دۆخی دینی لە هەرێمی کوردستان.

جێگری بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، عەتا محەمەد پێنجوێنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا کە لە دیوانی قایمقامییەتی سلێمانی ئەنجامی دا ئاماژەی بەوەدا کە رێکارەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتە بەر و داوای کرد کە موسڵمانان لەکاتی سەردانی کردنی مزگەوتەکاندا هەستیارانە مامەڵە بکەن و گرنگی تەواو بە تەندروستی بدەن.

عەتا محەمەد پێنجوێنی گوتی، ''لەئێستادا سەرجەم مزگەوتەکان نوێژی تیایاندا ئەنجام دەدرێت بەڵام رێکار دەگیرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،بەڵام ناکرێت ئێمە پێمان وابێت کە ئەم ڤایرۆسە پێناخاتە نێو مزگەوتەکان و تێیدا بڵاو نابێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی مزگەوت ماڵی خوایە ئەم پەتایە رێی تێناکەوێت، بەدڵنیاییەوە مزگەوتەکانیش ئەم ڤایرۆسە رووی تێدەکات، ئەگەر خەڵکێک هەڵگری بێت مزگەوتەکانیش دەگرێتەوە. ئەگەر هەیە لە قۆناغی داهاتوودا دابخرێت.''

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی، ئاکۆ حەسەن ساڵح لەبارەی رێکارە پێویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە شوێنە ئایینیەکان و پەرستگای ئایینە جیاوازەکان وەک مزگەوت و کڵێساکان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان وەک هەر وەزارەتێکی دیکە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکاری پێویستی گرتووەتە بەر، چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ گوتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی ئەنجام داوە کە رێنمایی خەڵک بکەن بۆ راگرتنی پاکوخاوێنی مزگەوتەکان، هاوکات بۆگرنگیدان بە پاکوخاوێنی مزگەوتەکان، لەرێی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانییەوە بڕیارمانداوە کە ئاگاداری سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بکرێتەوە کە زیاتر لە جاران گرنگی بدرێت بە پاکوخاوێنی، لەوانە دانانی زیاتری سابونی شڵ و ماددەکانی تەعقیم(دیتۆڵ) لەشوێنی دەستنوێژ و نوێژکردن،هاوکات کەمکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەک تەوقە کردن و دروستکردنی تەماس لەگەڵ یەکتر نەهێڵرێت''.

ئاکۆ حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەم مزگەوتەکان کراوە دەبن بەڕووی پەرستشدا، لەکاتی هەر پێنج فەرزەکە و نوێژی هەینیدا و راگەیاند ''بەهیچ جۆرێک مزگەوتەکان داناخرێن، کراوە دەبن بەڕووی موسڵمانان و هاووڵاتییاندا، بۆ ئەنجامدانی نوێژەکان و بەشداریکردن لە نوێژی هەینیدا. بەڵام داوامان کردووە لەرێگەی مامۆستایانی ئایینیەوە، گوتاری هەینی کورت بکرێتەوە لە ئێستادا و هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەدەغەکردنی گوتاری هەینی، تەنیا ئەوەی داوامان کردووە کە گوتاری نوێژی هەینی کورت بکرێتەوە و رێگە لە کۆبوونەوە بگیرێت لەدوای نوێژەکان''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın