جيهان, تەندروستی, کۆڤید- ١٩

سەرکردەی کۆریای باکوور فەرمانی کرد سوپا دەستوەردان بکات لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بەشداری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.

Büşra Selvi Öğütcen  | 16.05.2022 - نوێکردنەوە : 16.05.2022
سەرکردەی کۆریای باکوور فەرمانی کرد سوپا دەستوەردان بکات لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

Ankara

سیئۆل - AA

سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تا ماوەیەک لەمەوبەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەتاکە لە وڵاتەکەیدا بڵاونەبووەتەوە، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بەشداری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA)، کیم هۆشداری دا لە درەنگکەوتنی دابەشکردنی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا لەلایەن یەدەگی دەرمانی دەوڵەتەوە بەسەر دەرمانخانەکاندا.

کیم باسی لەوە کرد هەرچەندە لە بڕیارێکی بەپەلەدا کە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریا دەرکراوە داوای کردووە دەرمانەکانی نێو یەدەگی دەوڵەت بەپەلە بەسەر دەرمانخانەکاندا دابەش بکرێن و دەرمانخانەکانیش ٢٤ کاتژمێر کراوەبن، بەڵام ئەو بڕیارە بەپێی پێویست جێبەجێ نەکراوە.

هاوکات کیم فەرمانی بە یەکەی پزیشکیی سوپا کرد دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی دابینکردنی دەرمان لە پیۆگیانگ-ی پایتەخت سەقامگیر بێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆریای باشوور، یون سوک ییۆل ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانن ڤاکسین، دەرمان، پێداویستی پزیشکیی و کارمەندی پێویست رەوانەی کۆریای بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.

بەرپرسانی کۆریای باشوور، ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆریای باکوور تا ئێستا داوای هیچ هاوکارییەکیان لێ نەکردوون لەبارەی پەتاکە.

بەرپرسانی کۆریای باکوور لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە رایانگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٩٢ هەزار و ٩٢٠ کەس تووشی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە بوون، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە. بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە کۆریای باکوور تووشی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە بوون گەیشتووەتە ١،٢ ملیۆن کەس و ژمارەی ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٥٠ کەس.

ئەوە لە کاتێکدایە هیچ زانیارییەک لەو وڵاتە نەخراوەتەڕوو لەبارەی ئەو کەسانەی کە تووشی بەرزی پلەی گەرمای جەستەیان بوون چەند کەسیان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون.

کۆریای باکوور کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٢٦ ملیۆن کەسە، تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی نەداوە لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسین دژبە کۆرۆنا لەلایەن خەڵکەکەیەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın