Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ لە هۆڵی كۆنفرانسی نەخۆشخانەی فاروقی پزیشكی، كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی (با هەمووان پێكەوە كار بكەین بۆ باشتركردنی سێكتەرە تەندروستییەكان لە كوردستاندا) دەستی پێكرد، كۆنفرانسەكەش لەلایەن كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سازكراوە.
یاریدەدەری راگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی و سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە ماردین عوسمان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "28 توێژینەوەی نوێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كە بۆ یەكەمجارە بڵاو دەكرێنەوە وەرگیراوە و پێشكەش دەكرێن، هەروەها 9 توێژینەوەی خوێندكارانیش لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەش دەكرێن".
ئەو گوتی: "كێشە تەندروستییەكان خۆی لە فڕێدانی پاشەڕۆ پزیشكییەكان كە چەندین نەخۆشی لاوەكی لێدەكەوێتەوە، هەروەها نەخۆشییە گواستراوەكان و ڤایرۆسی جگەر و نەخۆشییەكانی هەناوی و سووتانی منداڵان و ئەو نەخۆشییانەی تر كە ئێستا كێشەی هاووڵاتیانن دەبینێتەوە و باسیان لێوە دەكرێت".
یەك لە بەشداربووانی كۆنفرانسەكە و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری تەندروستی منداڵان پەری محەمەد عەزیز لە بارەی كۆنفرانسەكەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "من بە توێژینەوەیەك بەشدارم لە كۆنفرانسەكەدا لە بارەی هۆكاری مردنی ئەو مندالانەی كە لە هەفتەی یەكەمدا لەدایك دەبن، گرنگی ئەم كۆنفرانسە لەوەدایە بەهەموومان بتوانین هەنگاوێك بنێین بەرەو تەندروستییەكی باشتر بۆ تەندروستی كۆمەڵگەكەمان".
ئەو گوتی: "لەدایكبوونی هەموو كەسێك ئەگەر تەندروستییەكی باشت هەبێت لە تەندروستی دایكی سكپڕەوە دەست پێدەكات و ئەوكات منداڵێكی تەندروست لەدایك دەبێت، بۆ هەموو نەخۆشییەك پێویستە هۆكاری ئەو نەخۆشییە و ئەو خاڵە بدۆزینەوە كە هۆكاری نەخۆشییەكەیە".
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی منداڵان ئاماژەی بەوەش كرد، هەموو توێژینەوە بەشدارەكانی كۆنفرانسەكە بۆ ئەوەیە هەمووان دەیانەوێت هەنگاو بنێن لە پێناو تەندروستییەكی باشتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.