Zana Natık Kerem
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
یەمەن ــ AA
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە تا ئێستا بە هۆی پەتای كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە هەزار و ٩٤٠ كەس.
لە راپۆرتێكدا كە كۆپییەكی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتووە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئاماژەی بەوە داوە كە لە ٢٧ی مانگی نیسانی رابردوو تا ئێستا، ٤٦٣ هەزار كەس لە ٢١ پارێزگای یەمەن تووشی پەتای كۆلێرا هاتوون.
رێكخراوەكە راشیگەیاندووە كە تا ئێستا بە هۆی پەتای كۆلێرا، هەزار و ٩٤٠ كەس لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشداوە كە بەردەوامی شەڕ و نەبوونی ئاوی پاكی خواردنەوە و بەدخوراكی، هۆكارن لەوەی، دانیشتوانی یەمەن تووشی نەخۆشی كۆلێرا بن.
بە پێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، رۆژانە پێنج هەزار كەس لە یەمەن تووشی كۆلێرا دەبن.
لە دوایین ئاماردا كە رێكخراوی تەندروستی جیهان رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا بڵاوی كردبوویەوە ئاماژە بەوە درابوو كە هەزارو ٩١٠ كەس بە هۆی پەتای كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر رێكخراوی یونسێف بڵاوی كردبوویەوە كە لەسەدا ٢٥ی ئەوانەی بە هۆی پەتای كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە، منداڵن.