تەندروستی, کۆڤید- ١٩

سامان بەرزنجی: "پێشبینی دەکەین لە زستاندا تووشبوون بە کۆرۆنا زیاتر بێت"

- وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی: "پێشبینییەکان راست دەرچوو کە دەگوترا لە پاییزدا ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات، ئێستا ژمارەکان لە جیهاندا لە هەڵکشاندایە و تاکە چارەسەریش تەنها خۆپارێزی و بەستنی ماسکە".

Hawkar Yaseen  | 22.10.2020 - نوێکردنەوە : 23.10.2020
سامان بەرزنجی: "پێشبینی دەکەین لە زستاندا تووشبوون بە کۆرۆنا زیاتر بێت"

Arbil

هەولێر AA

لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەر بۆ رێگری لە خێرا بڵاوبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و بەشداری نوێنەرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" و ئەنجوومەنی راوێژکاری پزیشکانی پسپۆر بۆ پەتای کۆرۆنا بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پێداچوونەوە بەڕێکارە خۆپارێزییەکان و رێکارەکانی چارەسەری و دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە کە رێگەچارەی زانستی باش بەردەست کەوت".

سامان بەرزنجی گوتی: "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ژمارەی تووشبووان بەڕێژەیەکی خێراتر زیاد بووە و لە کۆی شەش هەزار و ٤٥۱ تێستی تاقیگە، هەزار و ٣٠٨ حاڵەتی نوێی تووشبوون بەکۆرۆنا تۆمارکراوە، ٢٤٦ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٧ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش کۆی ئەو پشکنینانەی کراوە ٥٨٩ هەزار و ٧٠٣ تێست بووە و لەو ژمارەیە ٦٦ هەزار ١٣١ حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە، لەنێویاندا ٣٨ هەزار ٨٠٧ کەس چاکبوونەتەوە و ٢٥ هەزار و ٨١ تووشبوو لەژێر چارەسەرکردندان لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانەکان و دوو هەزار و ۲٤۳ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بۆیە هیوادارین پەیامی پزیشکانی پسپۆڕ بگات و خەڵک خۆیان بپارێزن".

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی دەربارەی رێکارەکان لە ناوەندەکانی خوێندنیشدا رایگەیاند "تاوەکو یەکی تشرینی دووەم رێکارەکان بەو جۆرە دەبێت کە بڕیاری لێدراوە، دوای ئەوە کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکرێت و لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ دەدرێت و رێکاری نوێ دەگیرێتە بەر، بەڵام دەمەوێت بڵێم لە ناوەندەکانی خوێندن لە قوتابی هەتاوەکو مامۆستا و بەڕێوەبەر و کارمەندەکان رۆڵی کارمەندی تەندروستی ببینن و خۆیان بپارێزن و بەرنامەی خۆپارێزیش بڵاوبکەنەوە".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵمەتێکی هۆشیاری راگەیاندن و تەندروستی دەستپێدەکەین و پلان و بەرنامەمان بۆ داڕشتووە، بەڵام لە کۆتایدا هاووڵاتی هاوکارێکی باش دەبێت بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی، چونکە رەنگە کەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و نیشانەی نەبێت و تۆ تووش بکات، دەبێت هەموو کەس وەک گەڵگری ڤایرۆسەکە سەیربکەیت، بۆیە خۆپارێزی بە ماسکێک ئاسانکاری زۆر بۆ ئێمە دەکات لە کەمکردنەوەی ژمارەکان".

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی هەروەها رایگەیاند "پێشبینییەکان راست دەرچوو کە دەگوترا لە پاییزدا ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات، ئێستا لە پاییزداین و دەبینین ژمارەکان لە زیادبووندایە، ژمارەی تووشبووان لە جیهاندا لە هەڵکشاندایە و تاکە چارەسەریش تەنها خۆپارێزی و بەستنی ماسکە، ئێستا پێشبینی دەکەین لە زستانیشدا ژمارەکە زیاتر هەڵکشێت هیوادارین وانەبێت و پێشبینییەکە وا دەرنەچێت".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "هیوادارین هاووڵاتی نەگاتە ئاستێک بەزۆر ماسکی پێ دابنرێت، بەڵام هەر رێکار و بڕیارێک پێویست بێت کە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی تووشبوون و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان دەیگرینەبەر".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın