Mustafa Melih Ahıshalı
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی ئێران، محەمەد رەزا زافەرغەندی داوای کرد بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە لە تارانی پایتەخت رابگەیەندرێت، کە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تیایدا گەیشتووەتە لووتکە.
محەمەد رەزا زافەرغەندی لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند ''لە خاڵی لووتکەی پەتای کۆرۆناداین. پێویستە بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە لە تاران رابگەیەندرێت بۆ ئەوەی پەتاکە کەمببێتەوە و نەخۆشخانەکان پشوویەک بدەن''.
سەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستی ئێران باسی لەوە کرد کە بەهۆی نەمانی شوێن لە یەکەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکانی تاراندا، نەخۆشەکانی پەتای کۆرۆنا ئاراستەی نەخۆشخانەی شارەکانی دیکە کراون.
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لە چین سەریهەڵدا، بۆ یەکەمجار لە ئێران لە ١٩ی شوباتدا لە شاری قوم دەرکەوت ودواتر بە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبوویەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تا دوێنێ لەو وڵاتە کۆی ئەو کەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ٣٧ هەزار و ٨٣٢ کەس، ٦٧٣ هەزار و ٢٥٠ حاڵەتی تووشبوونیش بەو پەتایە تۆمارکراوە.