سارسڵماز بە سیستمی چەکی کۆنتڕۆڵکراو لە دوورەوە لە پێشانگای IDEF 2025دا بەشدارە
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سارسڵماز، ئۆنەر ئۆزیڵماز: "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم بەرھەمانەی سارسڵماز بە سۆفتوێرە پاڵپشتیکراوەکان بە ئەلگۆریتمی پێشکەوتوو بەشێوەیەکی چڕ لە دیزاینەکانی قوبەی پۆڵاییندا بەکاردەھێنرێن".
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سارسڵماز کە بەرھەمھێنەری چەکە لە تورکیا، لە ١٧هەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازی بەرگریی (IDEF 2025)دا کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، ئەو سیستمانەی نمایش کرد کە لە ناوخۆ دروستی کردوون و پەرەی پێداون.
١٧هەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازی بەرگریی کە ئاژانسی ئەنادۆڵو هاوبەشی پەیوەندی جیھانییەکانێتی، بە میوانداری وەزارەتی بەرگریی تورکیا و بە پشتیوانی سەرۆکایەتی پیشەسازی بەرگریی و لەلایەن دامەزراوەی بەهێزکردنی سوپای تورکیا (TSKGV) و ڕێکخراوی KFA Fair Organization Inc لە ناوەندی پێشانگای ئیستانبوڵ (IFM) بەڕێوەدەچێت.

کۆمپانیای سارسڵماز چەندین بەرھەمی جۆراوجۆری لەنێو زیاتر لە ٣٠٠ بەرھەمی کە بە توانای ناوخۆیی و نەتەوەیی پەرەی پێداوە و بەرھەمیھێناوە، نمایش کرد کە بوونەتە جێی سەرنج.
لە کاتێکدا سارسڵماز سەدا ٥٠ی پشکەکانی کۆمپانیای تی ئاڕ مێکاترۆنیکی لەدەستدایە، کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بواری سیستمی چەکی کالیبەری ناوەند لە تورکیا دامەزراوە، سەدا ٥٠ی دیکەی پشکەکان لە دەست کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی و ئاسمانیی تورکیا (TUSAŞ)دایە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سارسڵماز، ئۆنەر ئۆزیڵماز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین بەرھەمەکانی گەورەترین کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگریی لە IDEF 2025دا نمایش دەکرێن.
ئۆزیڵماز باسی لەوە کرد تۆپهاوێژی ٢٠ ملیمەتری پێشەوەی ھێلیکۆپتەری ATAKیان لە پێشانگاکەدا نمایش کردووە.

هەروەها ئۆزیڵماز ئەوەی خستەڕوو کە لە ستاندەکەیاندا ئەو تاوەرانەی لەگەڵ چەکەکانی ٢٥ ملیمەتری کۆمپانیاکانی گرووپی BEST یەکخراون نمایش کردووە، هەروەها چەکی ٣٠ ملیمەتری کە ئەندامی نوێی گرووپی چەکی ٢٥ ملیمەتریە لە کالیبەر ناوەندییەکاندا نمایش کردووە.
گوتیشی: "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم بەرھەمانەی سارسڵماز بە سۆفتوێرە پاڵپشتیکراوەکان بە ئەلگۆریتمی پێشکەوتوو بەشێوەیەکی چڕ لە دیزاینەکانی قوبەی پۆڵاییندا بەکاردەھێنرێن".
