Salih Okuroğlu
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تویتەر، چەند لێکۆڵەرێکی بواری ژیریی دەستکرد رادەسپێرێت بۆ دروستکردنی تاقیگەیەکی نوێ کە بتوانێت رکابەری رۆبۆتی قسەکەری "ChatGPT" بکات کە لەلایەن "OpenAI"ەوە دروست کراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "یاهوو نیوز" لە بارەی ئەو بابەتەوە بەدەستی هێناون، ماسک بۆ دروستکردنی تیمێکی تایبەت کە بتوانن رکابەری رۆبۆتی "ChatGPT" بکەن لێکۆڵەر، ئیگۆر بابوشکین دەخاتە سەر کار کە ماوەیەکی کەمە وازی لە کارەکەی لە یەکەی ژیریی دەستکردی "DeepMind" هێناوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هەرچەندە ماسک و بابوشکین، دەربارەی دروستکردنی تیمێک بۆ بەردەوامیدان بە لێکۆڵینەوەکانی ژیریی دەستکرد گفتوگۆیان کردووە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادایە و هیچ پلانێکی کرداریی بۆ گەشەدان بە چەند بەرهەمێکی دیاریکراو، دانەنراوە.
تا ئێستاش بابوشکین بەشێوەیەکی فەرمی واژووی لەسەر ئەم هەوڵەی ماسک نەکردووە.
ئیلۆن ماسک یەکێک بوو لە داهێنەرانی رۆبۆتی "ChatGPT" کە توانای نووسینی پەخشان، شیعر و تەنانەت کۆدی کۆمپیوتەریشی هەیە، بەڵام ساڵی ٢٠١٨ لە کۆمپانیای "OpenAI" جیابووەوە.
لە سێی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بابەتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "رۆبۆتی 'ChatGPT' بەشێوەیەکی تۆقێنەر باشە. دوورنین لە ژیرییەکی دەستکرد کە دەکرێت وەک هێزێکی مەترسیدار هەژمار بکرێت".