Davit Kachkachishvili
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
دۆنێتسک - AA
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئۆکراینا دیمەنی چالاکییەکانی سیستەمی "Strela 10"ی وێنەگرت کە یەکێکە لەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییانەی ئۆکراینا لە جەنگی دژبە رووسیا کە زیاتر لە ساڵێکە درێژەی هەیە، بەکاری دەهێنێت.
بەهۆی ئەوەی لە وەرزی پاییزەوە تا ئێستا، پێکدادانەکان لە بەرەی پێشەوەی دۆنێتسک چربووەتەوە، ناوچەکە رووبەڕووی زۆرترین هێرشی ئاسمانیی و مووشەکیی رووسیا بووەتەوە.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432508.jpg)
سوپای رووسیا لە رێگەی ئەو مووشەکانەی بە فڕۆکەی جەنگیی کەشتییە جەنگییەکانەوە ئاراستەی ئۆکراینای دەکات، بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ئەو وڵاتە.
لە بەرامبەردا، ئۆکراینا لە رێگەی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییانەی لە شارەکان و چەند خاڵێکی دیاریکراوی بەرەکانی جەنگدا جێگیری کردوون، بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432513.jpg)
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە سوپای ئۆکراینا وێنەی چالاکییەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "9К35 Strela 10"ی گرت کە لە ناوچەکانی پێکدادان لە بەرەی پێشەوەی دۆنێتسک جێگیرکراون.
سیستەمەکانی "Strela 10" کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا بەرهەمهێنراوە و دوای جەنگی عێراق بەشێوەیەکی گشتگیر نوێکراوەتەوە و لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە دراوە بە ئۆکراینا، بەچڕی دژبە هێرشەکانی رووسیا بەکاردەهێنرێت.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432516.jpg)
فەرماندەیەکی ئۆکراینا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ کە ناوە نهێنییەکەی ''کریڤۆنیس''ە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە چالاکییەکانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە.
کریڤۆنیس باسی لەوە کرد کە بەو سیستەمەی بەکاری دەهێنن بەرپەرچی هێرشە ئاسمانیی و مووشەکییەکان دەدەنەوە و گوتی: ''Strela10 سیستەمێکی ئاسمانییە، ئامانجی سەرەکیمان فڕۆکەی جەنگیی، مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کامیکازەی دوژمنە''.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432519.jpg)
کریڤۆنیس باسی لەوە کرد کە لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکە و لە شارەکاندا، ئەم سیستمە دژبە هێرشە مووشەکییەکان و هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بەکاردەهێنین.
کریڤۆنیس ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، سیستەمەکە ٢٤ کاتژمێر لە ئامادەباشییدایە و گوتی: ''ئەم سیستەمە بەشێوەیەکی چالاک بەکاردەهێنرێت. دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە شەو و رۆژ هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئۆکراینا و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت. دوژمن هەوڵی هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیارەکان و مەدەنییەکان دەدات، لەگەڵ یەکەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی. لەبەرئەوە ئەم سیستەمانەی بەرگریی ئاسمانیی گرنگیی زۆریان هەیە لە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنیدا''.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432523.jpg)
کریڤۆنیس هیچ زانیاری نەدا لەبارەی ژمارە و شوێنی ئەم سیستەمانە و گوتی: ''بەم سیستەمە فڕۆکەی جەنگیی، مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دوژمنمان تێکشکاندووە''.
کریڤۆنیس هەروەها باسی لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمەکە کرد و رایگەیاند: ''تیمی سیستەمی بەرگری ئاسمانییمان دەتوانن لە ماوەی ٢٠ چرکەدا، سیستەمەکە ئامادەبکەن بۆ بەکارهێنان. ئەم سیستەمە دەتوانێت ئامانجێک لە دووری پێنج هەزار مەتر و بەرزی سێ هەزار و ٥٠٠ مەتر بپێکێت''.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30432524.jpg)