ئیستانبوڵ – AA
لەو یارییەدا کە هەردوو ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان، لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بەیەک گەیاند، مێسسی براوە بوو.
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و تیپی هاوبەشی یانەکانی نەسڕ و هیلالی سعوودی، لە یاریی جامی وەرزی ریاز لە یاریگای نێودەوڵەتیی شا فەهد رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و یانە پاریسییەکە بە ئەنجامی ٥-٤ یارییەکەی بردەوە.
ئەستێرەی ئەرژەنتینی مێسی کە وەک پاڵەوانی جامی جیهانیی قەتەر ٢٠٢٢ هاتە نێو یارییەکەوە، لە خولەکی ٣دا گۆڵی پێشەنگیی بۆ پاریس تۆمارکرد. لە بەرامبەردا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی ٣٤دا لە لێدانێکی سزادا گۆڵی یەکسانی کرد.

یانەی پاریس سانجێرمان، لە خولەکی ٤٣دا بە گۆڵێکی مارکویز جارێکی دیکە کەوتەوە پێش و لە خولەکی ٤٥+٣ نەیمار لێدانێکی سزای فەوتاند.
رۆناڵدۆ کە گرێبەستێکی بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ دوو وەرز و نیو لەگەڵ یانەی نەسڕ واژوو کردووە، لەخولەکی ٤٥+٦ جارێکی دیکە تۆڕی پاریسی هەژاند و گۆڵی یەکسانی تۆمارکردەوە.
نیوەی دووەمی یارییەکە کە بە دوو گۆڵی سێرجیۆ رامۆس و هیون سوون بۆ هەردوولا دەستی پێکرد، یانەی پاریس لە خولەکی ٦٠ لە رێگای مباپێ و لە ٧٨دا لە رێگای هوگۆ ئێکیتیکە ئەنجامەکەی بۆ ٥-٣ بەرزکردەوە.

ئاندەرسۆن تالیسکا کە ماوەیەک درێسی یانەی بهشیکتاشی تورکی دەپۆشی، لە خولەکی ٩٠+٤ گۆڵی چوارەمی بۆ ئەستێرەکانی نەسڕ و هیلال تۆمارکرد و جیاوازییەکەی بۆ گۆڵێک دابەزاند. لەو ماوەیەی کە مایەوە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەنجامەکەدا نەهات و یارییەکە بە ئەنجامی ٥-٤ کۆتایی هات.
هاوکات لە خولەکی ٦١ی یارییەکە رۆناڵدۆ و لە خولەکی ٦٢دا هەریەک لە مێسی، نەیمار و مباپێ یارییەکەیان جێهێشت.
لە خولەکی ٣٩دا یاریزانی پاریس، جوان بێرنات کارتی سووری ورگرت.