Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
رووبەڕووبوونەوەکانی جامی جیهانی فیفا ٢٠٢٠ کە بڕیارە مانگی ئایندە لە قەتەڕ بەڕێوەبچن، ئاشکرا کران.
لە ئەنجامی تیروپشکدا کە لە ناوەندی سەرەکی فیفا لە شاری زیوریخ-ی سویسرا بەڕێوەچوو، ناوی ئەو یانانە ئاشکرا کران کە لە خولی دووەمدا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
لە خولی دووەمدا یانەی تایگەرس-ی مەکسیکی رووبەڕووی یانەی ئوڵسان هوندای-ی کۆریای باشوور دەبێتەوە و براوەی ئەم یارییە لە خولی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی جامی لیبەرتادۆرێس دەبێتەوە.
هەر لە خولی دووەمدا یانەی ئەلدوحال-ی قەتەڕی و یانەی ئەلئەهلی میسڕی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەی یارییەکە لە خولی کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی بایەنمیونخ-ی ئەڵمانی دەبێتەوە.
بڕیارە رووبەڕووبوونەوەکانی خولی دووەم لە چواری شوبات و رووبەڕووبوونەوەکانی خولی پێش کۆتایی لە ٧-٨ی شوبات بەڕێوەبچن، هەروەها یاری کۆتاییش لە ١١ی شوباتدا بەڕێوە دەچێت.
لە ٣٠ی کانوونی دووەمدا کۆتا یاری جامی لیبەرتادۆرێس لە نێوان یانەکانی پاڵمەیراس و سانتۆس بەڕێوەدەچێت و براوەی یارییەکە لە خولی کۆتایی جامی فیفا بەشداری دەکات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە رووبەڕووبوونەوەکانی جامی جیهانی فیفا ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ ١-١١ی شوباتی ٢٠٢١ دواخرا.