KOSAR OSMAN
02 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
ڤیزای نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و قەتەڕ هەڵگیرا.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ڤیزای نێوان وڵاتەکەی و قەتەر هەڵگیراوە و مژدەی دایە تورکیایی و قەتەرییەکان بەوەی بێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن گەشت بکەن.
ئەردۆغان ئەمەی بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد و سوپاسی ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانیی کرد.
ئەردۆغان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر چەند روونکردنەوەیەکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە کرد و ئاماژەی بە پێکهێنانی کۆمیتەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان تورکیا و قەتەر و واژووکردنی 15 خاڵی هاوبەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا بەمجۆرە بەردەوامبوو لەسەر گوتەکانی: "تەواوی ئەو خاڵە هاوبەشانەی واژوویان لەسەر کرا گرنگ و ئەرێنی بوون. دەتوانم لێرەوە باسی خاڵی 16ەم بکەم کە هەنگاوێکی گرنگە. ئەویش هەڵگیرانی ڤیزایە لە نێوان تورکیا و قەتەر. ئیتر هاونیشتمانیانمان و خەڵکی قەتەر بە بێ ڤیزا دەتوانن گەشتی نێوان تورکیا و قەتەر ئەنجام بدەن. لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی برای ئازیزم ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی بکەم. لە کاتێکی دیاریکراودا توانیمان چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قەتەر تۆکمەتر بکەین".
جێی باسە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان تورکیا و قەتەر، شێخ تەمیم و ئەردۆغان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
ئەردۆغان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە بوونی چەندین خاڵی بەهێز لە نێوان تورکیا و قەتەر کە خزمەت بە پەیوەندییەکانیان دەکەن و بە گرنگی دانا لەمەودا بەردەوام بن لە هەڵوێستی هاوبەشانەی دژ بە تیرۆر و لەمەڕ سووریا و فەڵەستیندا بە هەمان شێوازی ئێستا هەڵوێست بنوێنن.
سەرکۆماری تورکیا پێشیوایە کە جیهانی ئیسلامی لە بارێکی خراپدایە و گوتی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا کێشە و ئاژاوە هەیە و ئێمە وەک دوو وڵاتی ئارام و خاوەن ئاسایشی باش پێویستە پاڵپشتێکی باش بین بۆ ئەو وڵاتانە.