Fatih Erel
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە ئەنجامی ٣-١ له یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، ریال مەدرید و مانچستەر ستی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەک بوونەوە.
یانەی شاهانە کە لە یاری چوونی هەمان قۆناغدا بە ئەنجامی ٤-٣ تووشی شکست هاتبوو لە یاری گەڕانەوەدا، میوانداری مانچستەر ستی کرد.
ریال مەدرید کە ١٣ جار نازناوەکەی دەستەبەرکردووە و چاوی لەوەیە بۆ ١٤مین جار نازناوەکە بەرزبکاتەوە، نەیتوانی لە نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ گۆڵێک تۆمار بکات.
لە خولەکی ٧٣ی یارییەکەدا، یاریزان ریاز مەحرەز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ مانچستەر ستی تۆمار کرد و ئەنجامی یارییەکەی بۆ یەک بە سفر گۆڕی.
دوای ئەو گۆڵە یانەی شاهانە گەڕاوە نێو کەشی یارییەکە و بەم جۆرە یاریزانی لاوی بەڕازیلی، رۆدریگۆ بووە فریادڕەسی یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی توانی لە دوا خولەکی یارییەکە (لە خولەکی ٩٠)دا، گۆڵی یەکسانبوون و تەنیا یەک خولەک دواتر (لە خولەکی ٩١)دا گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات و هیوا بۆ یانەکەی بگەڕێنێتەوە.
بەم شێوەیە یارییەکە چووە کاتی زیادکراو و لە کاتی زیادکراودا، یاریزانانی ریال مەدرید بە بڕوا بەخۆبوونێکی زۆرتر یارییان دەکرد و فشارێکی توندیان کردبووە سەر یاریزانانی مانچستەر ستی.
لە خولەکی ٩٥ی کاتی زیادکراودا، لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمار کرا و گۆڵکاری خولەکە و ئەستێری یانەکە، کەریم بەنزیمە لێدانی سزاکەی جێبەجێ کرد و گۆڵی پێشکەوتن و سەرکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمار کرد.
بەم شێوەیە ریال مەدرید توانی یارییەکە بە ئەنجامی ٣-١ بباتەوە و خۆی بگەیەنێتە یاری کۆتایی.
بڕیاریش وایە یاری کۆتایی لە ٢٨ی ئەم مانگە لە شاری پاریس پایتەختی فەڕەنسا لەنێوان هەردوو یانەی شاهانە و لیڤەرپوول بەڕێوەبچێت.