دۆحە – AA
لە یاری کۆتایی جامی جیهانی فیفا ٢٠٢٢ی قەتەر، هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە لێدانی یەکلاکەرەوە جامەکەی بەرزکردەوە.
ماوەی ئاسایی یارییەکە بە یەکسانی بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتایی هات و ماوەی درێژکراویش بە ئەنجامی ٣-٣ یەکسانبوو، ئەرژەنتین بە لێدانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی یەکلاکردەوە و بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا جامە زێڕینەکەی بەرزکردەوە.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە سەرەتاوە باڵادەستی خۆی نیشاندا و ناوەندی یاریگای کۆنتڕۆڵ کرد و لە رێگەی دی ماریا و مێسییەوە لە باڵەکانەوە هێرشەکانی چڕ کردبوویەوە.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی فەڕەنسا، یاریی ناوەندی یارییەکەی لە دەستدابوو و نەیتوانی بە رێکی هێرش بۆ سەر گۆڵی ئەرژەنتین درووستبکات.
بەرهەمی فشار و هێرشەکانی ئەرژەنتین لە خولەکی ٢٢ هاتەدەست کاتێک دیماریا پەناڵتییەکی بەدەستهێنا و مێسسی بە ئاسانی گۆڵی یەکەمی ئەرژەنتین و شەشەمی خۆی لە مۆندیالی ٢٠٢٢ تۆمار کرد.
هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، بەردەوام بوو لە هێرشەکان و دوای ئەو گۆڵە ویستی یاریزانان بۆ زیادکردنی گۆڵ بەرزتر بوویەوە و ئەوە بوو لە خولەکی ٣٦ ئەنخێل دی ماریا گۆڵی دوومی تۆمار کرد و جیاوازییەکەی بۆ دوو گۆڵ بەرز کردەوە.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا، لە ماوەکانی داهاتووی نیوەی یەکەمی یارییەکە جگە لە گۆڕینی دوو یاریزان هیچ هەوڵێکی بەرچاوی بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە نەدا و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا ریتمی یارییەکە تاکو خولەکی ٧٩دا بە هەمان شێوە بەڕێوەچوو تاکو مباپێ لە خولەکی ٧٩ لە رێگەی پەناڵتییەوە جیاوازییەکەی بۆ گۆڵێک کەمکردەوە و لە خولەکی ٨١دا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و ماوەی ئاسایی بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتایی هات.
- دوو گۆڵی دیکە لە ماوەی درێژکراوی یارییەکە تۆمار کرا
نیوەی یەکەمی ماوەی درێژکراو بەبێ گۆڵ کۆتایی هات و لە نیوەی دووەمدا هەردوو هەڵبژاردە بە ورییایی یارییان دەکرد.
لە خولەکی ١٠٩دا مێسسی جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و لە تۆپێکی گەڕاوەدا لە گۆڵپارێزی فەڕەنسا لە نزیکەوە شووتێکی لێدا و گۆڵی سێییەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمار کرد.
خۆشییەکانی ئەرژەنتین و هاندەرانی تەنها حەوت خولەکی خایاند کاتێک فەرەنسا پەناڵتییەکی دیکەی بۆ هەژمار کرا و مباپێ لە خولەکی ١١٨دا گۆڵی سێیەمی وڵاتەکەی و خۆی تۆمار کرد.
- لێدانی یەکلاکەرەوە
لە لێدانی یەکلاکەرەوەدا، هەریەک لە میسسی، دیبالا، پارادێس و مۆنتیال گۆڵیان تۆمار کرد جامی جیهانییان بۆ وڵاتەکەیان بردەوە.
لە بەرامبەردا هەریەک لە کۆمان و چاومی نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن و مباپێ و کۆلۆ مانی گۆڵیان کرد و پەناڵتییەکان بە ئەنجامی ٤-٢ لە بەرژەوەندی ئەرژەنتین کۆتایی هات.