رۆما - AA
دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا بۆ تۆپی پێ (یۆرۆ ٢٠٢٠)دا، ئیتاڵیا کە لەماوەی یاسایی و زیادکراودا، بەگۆڵێک یەکسان بوو لەگەڵ ئینگلتەرا و پاشان بەلێدانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی ٣-٢ لە ئینگلتەرای بردەوە و نازناوی یۆرۆ ٢٠٢٠ی بەدەست هێنا، جۆشوخرۆشێکی زۆر شارەکانی ئیتاڵیای گرتەوە کە بۆ جاری دووەم بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا لە مێژوودا.
لەو شاشە گەورانەی لە مەیدانی پۆپۆلۆ لە رۆمای پایتەخت و شەقامی گەورەی فۆری ئیمپێریالی، لەگەڵ مەیدانی کامپۆ دی فیۆری دانرابوون، هەزاران ئیتاڵی بە تاسەوە تەماشای یاریی کۆتایی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد.
لایەنگران لە مەیدانی پۆپۆلۆ لە سەرەتای یارییەکەدا، بە نیگەرانی زۆرەوە تەماشای دۆخی هەڵبژاردەکەیان دەکرد کە لاواز دەردەکەوت.
دوای ئەوەی لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، ئیتاڵیا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد، مەیدانەکە جۆشوخرۆشێکی زۆری بهخۆوه بینی.
لە دوای ئەوەی کاتی یاسایی و زیادکراو بە یەکسان بوون بە ئەنجامی ١-١ بۆ هەردوولا تەواوبوو، لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەو پەڕی تاسەوە تەماشا کرا.
بردنەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ئەنجامی ٣-٢ لە ئینگلتەرا بە لێدانی یەکلاکەرەوە، جۆشوخرۆشێکی زۆری لەنێو هەوادارانی ئەو هەڵبژاردەیەدا دروست کرد و هەموو بەیەکەوە بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی یورۆ ٢٠٢٠یان پیرۆز کرد.
لەگەڵ بەرزکردنەوەی جامی پاڵەوانێتیەکە لەلایەن هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە، بە درێژایی شەو جۆشوخرۆشی سەرکەوتن رۆما و شارەکانی دیکەی ئیتاڵیا بە تایبەتی مەیدانی پۆپۆلۆی گرتەوە.
ئاهەنگگێڕە ئیتاڵییەکان بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیان لە پاڵەوانێتی ئەورووپادا کە دوای ساڵی ١٩٦٨ سەرلەنوێ بەدەستی هێنایەوە، بە درێژایی شەو بەردەوام بوو.