Muhammet Ali Kemal
26 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2015
سەبارەت بە بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی جەنگیی رووسیا، کە سێ جار کایەی ئاسمانی تورکیایان بەزاندبوو، هەموو جارێک بە بەرپرسانی رووس راگەیەنراوە کە "یاساکانی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوە بەتوندترین شێوە جێبەجی دەکرێن" و لەوبارەیەشەوە دوایین هۆشداری لە رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمدا دراوەتە شاندی رووسی کە سەردانی بارەگەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپایان کردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی سەربازییەوە دەستی کەوتوون، بەرپرسانی رووس سەبارەت بە پێشێلکردنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی وڵاتەکەیانەوە چەندین جار ئاگەدار کراونەتەوە.
پێش مانگی تشرینی دووەم فڕۆکەکانی جەنگیی رووسیا سێ جار کایەی ئاسمانی تورکیایان بەزاندبوو. لەدوای بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەهەریەک لە بەروارەکانی سێ، چوار و ٢٩ی تشرینی یەکەمدا، لە هەر جارێکیاندا و لە چوارچێوەیەکی گونجاودا زانیاری سەبارەت بە بابەتەکە دراوەتە ئەو شاندە رووسییانەی کە بانگهێشت کراون.
فڕۆکەکانی جەنگی سەر بە فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی تورکیا لە دوای پێشێلکاری چوارەمەوە وەڵامی فڕۆکە رووسییەکەیان دایەوە. بەرپرسانی سەربازیی جەخت لەوە دەکەنەوە لەکاتی وەڵامدانەوەکەدا بەهیچ شێوەیەک نەیانزانیوە ئەو فڕۆکەیە سەر بە چ وڵاتێکە، پێشیان وایە ئەوەی گرنگە ئەمە نییە بەڵکو ئەنجامدانی پێشێلکارییەکەیە.
لەدوای بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەیەکی رووسییەوە لە سێی تشرینی یەکەمدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە لە بارەگەی وەزارەتەکە لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
لەدوای ئەو کۆبوونەوەیەوە و لەدوای بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیاوە لە چواری تشرینی یەکەمدا، رۆژی پێنجی تشرینی یەکەم کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەری بەرگری لە باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەنقەرە لە بارەگەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆبوونەوەیەک ساز کرا. هەروەها رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم جێگری راوێژکاری سیاسی باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەنقەرە ئەلێکساندەر کانتەمیرۆڤ بانگێشتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا کرا و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا ئەنجام درا.
بەرپرسانی سەربازیی رووس و تورک رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم لە بارەگەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا کۆبوونەوە. ئەو شاندە سەربازییەی رووسیا کە لە ژەنەراڵێک و هەشت ئەفسەر پێکهاتبوو، لەگەڵ هەریەک لە شاندێکی ١٢ کەسی تورکیا کۆبوونەوە بەسەرۆکایەتی ژەنەراڵ فاتیح سەرت. لە کۆبوونەوەکەدا باسی بابەتەکانی سەربازیی و بەتایبەت بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی رووسی تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری ئەوە درایە بەرپرسانی رووس کە لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی بەزاندنی سنووردا ئەوە یاساکانی بەرەنگاربوونەوە بەتوندترین شێوە جێبەجێ دەکرێن.