یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات واژوو کرا
بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" واژوو کرا.
Arbil
ھەولێر ــ AA
یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات، بە ئامانجی ھەماھەنگی ھاوبەش لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی " ڕێگای گەشەپێدان" واژووکرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی ھەردوو شاندی تورکیا و عێراق، محەمەد شەیاع سودانی و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی چوار لایەنەیان لە نێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات کردووە، ئەوەش بە ئامانجی ھەماھەنگی ھاوبەش لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"ی ستراتیژی.
ڕاشیگەیاندبووە کە یاداشتنامەکە لەلایەن ھەریەک لە وەزیری گواستنەوەی عێراق، ڕەزاق محێبس و وەزیری گەیاندن و ژێرخان، عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو و وەزیری گەیاندنی قەتەر، جاسم بن سەیف سڵێتی و وەزیری وزەی ئیمارات، سوھەیل مەزروعی، واژووکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لەچوارچێوەی یاداشتنامەکەدا، ھەر چوار وڵاتەکە بەھاوبەشی رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، دەگرنەبەر.
پڕۆژە "ڕێگای گەشەپێدان"، ڕێگاکانی وشکانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر ئەورووپا دەبەستێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ وەزیری گەیاندنی قەتەر، جاسم بن سەیف سڵێتی و وەزیری وزەی ئیمارات، سوھەیل مەزروعی بە جیا گەیشتنە بەغدا.