Necmettin Karaca
19 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
وان - AA
ماسییەکانی دەریاچەی وان کە بە زمانی تورکی بە "ئینجی کەفالی" یان ماسییەکانی وان ناسراون، لە وەرزی زۆربوون بە پێچەوانەی تەوژمی دەریا مەلە دەکەن و گەشتە قورسەکەیان بە کۆچکردن بۆ نێو ئاوە شیرینەکان دەستیپێکرد.

ماسی وان کە تاکە جۆری ماسییە لە سەرتاسەری جیهان لە دەریاچەی وانی وڵاتی تورکیا دەژیت، لە ١٥ی نیسان-١٥ی تەمووز کە وەرزی زۆربوونەوە بەرەو ئاوە شیرینەکان کۆچ دەکات.
ئەم گەشتە ناوازەیەی ماسی وان بۆ ئەوەی نەبێتە دەرفەتێک بۆ ماسیگرانی قاچاخ، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و ھێزەکانی ئەمنی تورکیا لە کەناری دەریاچەکە رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.

مامۆستای بەشی بەرھەمەکانی ئاویی لە زانکۆی یوزینجییڵ، د. مستەفا ئاککوش رایگەیاند کە ماسی وان تەنھا لە دەریاچەی وان بوونی ھەیە، ھەموو ساڵێک لە وەرزی زۆربوون بەرەو ئەو ئاوە شیرینانە کۆچ دەکات کە دەڕژێنە نێو دەریاچەکە.
ئاککوش راشیگەیاند کە ئەو کۆچە لە نێوان مانگی نیسان و تەمووز روودەدات و ئاوە شیرینەکان پڕ دەبن لە ماسی وان. گوتیشی: "ئەم دیمە جوانە بۆ پێشخستنی گەشتوگوزار لە ناوچەکەدا و مانەوەی بواری ماسیگریی لە دەریاچەی وان زۆر گرنگە".

ئاککوش ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ساڵی رابردوو لە جەژنی رەمەزاندا نزیکەی ١١٠ ھەزار کەس سەردانی ئەو ناوچەیەی کردووە.

مستەفا ئاککوش جەختیشی لەوە کردەوە کە بەھۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئەمساڵ ناوچەکە بێ دەنگ و ھێمنە و لە دوای کۆتایھاتنی ئەو پەتایە دووبارە ھەزاران کەس بۆ دیتنی ئەم کۆچە ناوازەیەی ماسی وان روو لەو ناوچەیە دەکەنەوە.
