Dilaver Can
11 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2023
نەوشەهر - AA
گەشتیارانی ئەمریکی کە سەردانی کاپادۆکیایان کردووە، لە چوارچێوەی ئەو گەشتە کلتوورییانەی سازکراوە لە خانووی گونددا دەمێننەوە و بەو سەوزانەی کۆی دەکەنەوە خوان ئامادە دەکەن و جلوبەرگی ناوچەیی دەپۆشن و لە فڕندا جۆرەک و بۆرەک دروست دەکەن.
ئەمەل و سوات بینیجی کە هاوسەرن و لە ناوچەی کاراجاشار لە قەزای گولشەهیر لە پارێزگای نەوشەهر دەژین، بە هاریکاریی نووسینگەی گەشتوگوزار پێشوازی لە گەشتیارانی ئەمریکی دەکەن لە خانووەکانیاندا.
گەشتیاران کە لە ڕێگەی ڕێکخستنی گەشتەوە لە وڵاتەکەیانەوە ڕوویان لە تورکیا کردووە، سەوزە و میوە کۆدەکەنەوە و خوانی پێ ئامادە دەکەن، بەوەیش لە نزیکەوە ئاشنادەبن بە کلتووری تورکی و ساتێکی خۆش بەسەر دەبەن و پاشان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ڕێبەری گەشتیاری، سەلیم پولەر، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە یاوەی ئەو گەشتیارانە دەکەن کە خوازیاری ئاشنابوونن بە پێکهاتەی خێزانی تورکیا و ناسینی کلتوورەکەی و گوتی: "گەشت ڕێکدەخەین بۆ ئەوەی گەشتیاران بە کلتووری ئانادۆڵو شادبن. گەشتیارانمان کە خۆیان دەبنە خاوەن ماڵ سەوزە و میوە کۆدەکەنەوە و زەڵاتە دروست دەکەن، بە دەستی خۆیان هەویر دەشێلن و خوان دروست دەکەن".
پولەر ئەوەیشی خستەڕوو کە ئامانجیان نیشاندانی میوانپەروەری خەڵکی تورکیایە کە چەندە حەزیان بە هاوکاری کردنی خەڵکە.
سوات بینیجی، باسی لەوە کرد کە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نووسینگەکانی بواری گەشتیاری، میوانداری گەشتیارانی ئەمریکییان کردووە بۆ گوندەکەیان.
بینیجی باسی لەوەیش کرد کە هەوڵ دەدەن بۆ ئاشناکردنی کلتووری تورکیا بە میوانەکان.
هاوکات ئەمەل بینیجی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدەن کلتووری ئانادۆڵو فێری گەشتیاران بکەن.
ئەمەل بینیجی ئەوەیشی خستەڕوو کە گەشتیارانی ئەمریکی ژیانی گوندیان زۆر بەلاوە خۆشە و، گوتی: "شرواڵ لە پێ دەکەن و لەچک دەکەن، ئەوانیش و ئێمەش دڵخۆش دەبین".
بینیجی باسی لەوەیش کرد کە میوانەکان بە دڵخۆشییەوە گوندەکە جێدەهێڵن و گوتی: "لێرە ساتێکی خۆش و لەبیرنەکراو بەسەر دەبەن و هەیانە دەڵێت کە دووبارە دەگەڕێتەوە''.