17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ئەنقەرە- AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لەبارەی ئەو رێکارانەی کە لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ریزەکانی سوپای تورکیا گیراونەتە بەر رایگەیاند "رێکارەکان بەشێوەیەک جێبەجێ دەکرێن کە کاریگەریی نەرێنیی نەکەنە سەر ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئاسایشی سنوورەکان و چالاکییەکانی دیکەی سوپای تورکیا".
لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا کە ئێوارەی دوێنێ بە سەرپەرشتیی خولوسی ئاکار و ئامادەبوونی ھەریەک لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، جەنەراڵ ئومید دوندار و فەرماندەی ھێزە ئاسمانییەکان، جەنەراڵ حەسەن کوچوکئاکیوز و فەرماندەی ھێزە دەریاییەکان، ئەدمیراڵ عەدنان ئۆزباڵ لە وەزارەتی بەرگریی بەڕێوەچوو، رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ریزەکانی سوپای تورکیا تاوتوێکران.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ رایگەیاند "خوێندنگە پیشەییەکانی ئەفسەران، خوێندنگەکانی جەنگ و پەیمانگاکانی جەنگ، سەربە زانکۆی وەزارەتی بەرگریی تا ١٣ی نیسان کراونەتە پشوو".
خولوسی ئاکار گوتی: "سەردانیکەر لە یەکە و فەرماندەییەکان وەرناگیرێن. جگە لەو کارمەندە ئەرکدارانەی بە ناچاریی لە سەربازگەکان میوانداری دەکرێن، رێگە بە کەسی دیکە نادرێت لەوێ بمێننەوە".
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی رێکارەکان دوا و گوتی: "رێکارەکان بەشێوەیەک جێبەجێ دەکرێن کە کاریگەریی نەرێنیی نەکەنە سەر ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئاسایشی سنوورەکان و چالاکییەکانی دیکەی سوپای تورکیا".
خولوسی ئاکار گوتیشی: "کارەکانی بە سەربازگرتن لەچوارچێوەی پلانە ھەنووکەییەکان درێژەیان دەبێت".