17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covid-١٩)، تا کاتەکانی نیوەشەو، سێ ھەزار و ٦١٤ ھاووڵاتی تورک کە بەشێوەیەکی کاتیی یان وەک خوێندکار لە نۆ وڵاتی ئەورووپادان و داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ ھاتنەوە بۆ وڵات، دەھێننەوە و لە بەشە ناوخۆییەکانی ئیستانبوڵ و کۆجائەلی، کەرەنتینە دەکرێن.
مەولود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو ھەنگاوانەی لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی دژبە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر لەبارەی ئەو ھاووڵاتییانەی وڵاتەکەی کە لە دەرەوە وڵاتن، باسی لەوە کرد کە یەکەی ھەماھەنگی و پشتیوانی دروستکراوە و لەگەڵ ھەموو یەکەکان لەو بارەیەوە کار دەکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ''سێ ھەزار و ٦١٤ ھاووڵاتی تورک بە ٣٤ گەشتی ھێڵی ئاسمانی تورک دەھێنرێنەوە و لە بەشە ناوخۆییەکانی ئیستانبوڵ و کۆجائەلی، کەرەنتینە دەکرێن''.