Mazın Asad
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی لەسووریا رایگەیاند: "ئەگەر ھێرشەکان بەردەوام بێت، ئەوا ئاستانا ھیچ واتایەکی نامێنێت، جنێڤ ھیچ مانای نامێنێت. لەژێر چەکی کیمیاوییدا دانوستان دەکرێت؟".
چاوشئۆغڵو بووە میوانی پەخشی راستەوخۆی کەناڵی NTV و لەبارەی رۆژەڤەوە ھەڵسەنگاندن کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لەبارەی رێگریکردن لە بڕیاری لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ھێرشە کیمیاوییەکەی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئیدلب، چاوشئۆغڵو رایگەیاند دەرنەکردنی بڕیارێک لە دوای کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی لەو ھێرشەدا، ئەوە نیشان دەدات کە چەند گرنگە چاکسازی لە پێکھاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە رژێمی بەشار ئەسەد بۆ یەکەمجار نییە چەکی کیمیاویی بەکاربھێنێت و پێشتریش چەندین جار ھێڵی سووری بەزاندبوو و راشیگەیاند بەریگریکردنی رووسیا لە رژێم، تا بڵێی کارێکی ھەڵەیە.
چاوشئۆغڵو روونیشی کردەوە کە وەک تورکیا ئامادەن بەرامبەر ھەموو جۆرە قەیرانێکی مرۆیی و راشیگەیاند کە بابەتەی نیگەرانیان دەکات، و زیاتر گوتیشی: "ئەگەر ھێرشەکان بەردەوام بێت، ئەوا ئاستانا ھیچ واتایەکی نامێنێت، جنێڤ ھیچ مانای نامێنێت. لەژێر چەکی کیمیاوییدا دانوستان دەکرێت؟".
وەزیری دەرەوەی تورکیا تیشکی خستە سەر روونکردنەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ھێرشە کیمیاوییەکەی ئیدلب کە گوتبووی "ھێڵە سوورەکان بەزێندراوە" و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە روونکردنەوەکانی ترەمپ جێ بایەخە و گوتیشی: "بەڵام وەک گشت جیھان پێویستە ئیتر رێگری لەمە بکەین. بەو ھۆیەوە بە بایەخەوە دەڕوانینە ئەم روونکردنەوەیە و پشتگیری لێ دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا تورکیا لە ئامادەکاریدایە بۆ منبج؟ چاوشئۆغڵو لەوبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە ھێشتا سەرچاوەی ھەڕەشەکان لە سووریا و عێراق بۆ سەر تورکیا درێژەی ھەیە و راشیگەیاند ھەڕەشەکان لە داعش، یەپەگە و پەکەکە پێکدێت و بەو ھۆیەوە ئاشکرای کرد کە بەرەنگاربوونەوە لەوبارەیەوە درێژەی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە نەک تەنھا لە منبج، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکە سووریاش ھەڕەشە لە ئارادایە و گوتیشی: "کاتێک بەرەنگاریی ئەم تیرۆریستانە دەبینەوە، لەوانەیە ھاوپەیمانانمان نەبنە قەڵغان. ھاوکات پێویستە ئەمە نەکەن. ئێمە لەگەڵ ئەوان گفتوگۆ دەکەین. دوو ھێزی گەورەی جیھان، ئەمریکا و رووسیا کەوتوونەتە کێبڕکێی لەدەست نەدانی ریکخراوێکی تیرۆریستی. باس لە یەپەگە و پەیەدە دەکەین. لەسەر رێکخراوێکی تیرۆریستیش کێبڕکێ ھەیە".
چاوشئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا ھەڵسەنگاندنی لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای ھەرێمی کوردستان لە کەرکووک و پرسی رێفراندۆم کرد و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکووک تەڵەیەکە بۆ ئیدارەی بارزانی و ھەولێر و گوتی: "لە راستیدا ھەوڵێکە تاکو ئیدارەی بارزانی نێوانی لەگەڵ ھەموو کەسێکدا تێکبدات. ئەندازیاری ئەم کارەش پارتەکەی تاڵەبانیە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەر لەوبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە ھەندێک ھێزیش ھەیە کە پشتگیری لە تاڵەبانی دەکات دژ بە بارزانی و بۆیە ئامانجی ئەمە دروستکردنی شەڕە لە نێوان لایەنەکان و گوتیشی: "نەدەبوایە بازرانی بکەوێتە نێو ئەم تەڵەیە. ئێمە ھۆشداری خۆمان پێیان دا".